سەردێر

هاوپەیمانی نەسر لەبارەی نرخی دۆلارەوە داوایەك لە حكومەت دەكات

خەڵك-
هاوپەیمانی نەسر كە لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عیراقەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، جەخت لەسەر پێویستی چاوخشانەوە بە نرخی خەرجی دۆلار و گێڕانەوەی بۆ ئاستی سروشتی خۆی دەكات.

ئایات موزەفەر، وتەبێژی هاوپەیمانییەكە لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”بەرزبوونەوەی نرخی خەرجی دۆلار، وڵات بەرەو هەڵاوسان دەبات، تاكە قوربانیش لەو نێوەندەدا هاووڵاتی و خاوەن قوتی ڕۆژانەیە، بۆیە داوا لە حكومەت دەكەین نرخی خەرجی دۆلار بگێڕێتەوە بۆ ئاستی سروشتی خۆی لەدوای ئەو نوێبوونەوە ئابورییەی جیهان بەخۆیەوەبینی”.

بە وتەی ئایات موزەفەر”بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان و گەیشتنی بە نرخێكی باش، ڕووبەرێكی بیركردنەوە دەداتە حكومەت تا جارێكی تر چاو بە نرخی خەرجی دۆلاردا بخشێنێتەوە، هەرچەندە ئەمە ناكرێت حكومەتی پێوە پابەند بكرێت و بە ئەركی سەرشانی پەرلەمان دادەنرێت”.

وتەبێژی هاوپەیمانی نەسر دەڵێت”ڕۆڵی پەرلەمان خۆی لە بەرزكردنەوەی داواكارییەكاندا دەبینێتەوە لەڕێی گوشاری یاسادانان بۆ حكومەت، بەڵكو لەو ڕووەوە چاوخشانەوە بكات، بەو پێیەی پەیوەندی بە ژیانی زۆرێك لە توێژەكانی گەلی عیراقەوە هەیە”.