سەردێر

عیراق هەڵوێستی خۆی لەبارەی نرخی دۆلار و ڕێككەوتنی هەرێم ئاشكراكرد

خەڵك

وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، گرێی سەرەكی لە پەسندكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021دا پشكی هەرێمی كوردستانە و تا ئێستا لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕێككەوتنی كۆتایی لەسەر نەكراوە.

حەسەن نازم وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا ڕایگەیاند، دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بۆ ڕۆژی شەممەی داهاتوو دواخرا و ئەو دواخستنەش ئاماژەیە بەوەی گفتوگۆكان لەوبارەوە بەردەوامن.

وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق ئاماژەی بەوەشدا “لە چەندین كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا باسی ئەوەم كردووە كە گرێی سەرەكی لە پەسندكردنی بودجەدا پشكی هەرێمی كوردستانە و دواخستنی دەنگدان لەسەریشی ئاماژە و بەڵگەیە كە تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ئەنجامی كۆتایی لەبارەوە.”

حەسەن نازم هیوای خواست “ئەو قەیرانە كۆتایی بێت بۆ پەسندكردنی بودجە”، چونكە حكومەت دەیەوێت لە ژێر ڕۆشنایی یاسای بودجەدا كاربكات.

لەبارەی داواكارییەكانی تایبەت بە دەستكاریكردنی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار، وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق ڕایگەیاند، گۆڕانكاریكردن لە بەهای دۆلار بەرامبەر دینار گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت، بەڵام “تا ئێستا ناتوانین باسی گۆڕانكارییەكی ڕاستەقینە لەبارەی بەهای دۆلار بكەین؛ ئەمە تەنیا گفتوگۆیە”.

حەسەن نازم ڕوونیشیكردەوە، دەستكاریكردنی زۆر لەو دەقی پڕۆژە بودجەیەی حكومەت بۆ ئەنجومەنی ناردووە ڕەنگدانەوەی لەسەر پلان و كارەكانی حكومەت دەبێت.