سەردێر

گەڵف كیستۆن: دەست بە هەڵكەندنی بیرە نەوتی ژمارە 13 لە شێخان دەكەینەوە

خەڵك

كۆمپانیای گەڵف كیستۆنی بواری بەرهەمهێنانی نەوت ڕایدەگەیەنێت، بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان لە پلانی خۆی بەردەوام دەبێت.

جۆن هاریس، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای گەڵف كیستۆن ڕایگەیاند: “ساڵێك دوای مامەڵە سەركەوتووەكەمان سەرەڕای كاریگەرییە نەرێنییەكانی كۆرۆنا لەسەر خەڵك و كاری بەرهەمهێنانمان لە شێخان، بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنین كە دووبارە دەست بە جێبەجێكردنی بەرنامەی بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان دەكەینەوە بۆ ئەوەی 55 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا بەرهەم بهێنین”.

بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیاكە ئاماژە بەوەش دەدات، بە جێبەجێكردنی ڕێكاری خۆپارێزی لە كۆرۆنا، لە چارەكی سێیەمی ئەمساڵدا لە شێخان دەست بە هەڵكەندنی بیرە نەوتی ژمارە 13 دەكەنەوە.

هەر لە چوارچێوەی بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوتدا كۆمپانیاكە دەست بە هەڵكەندنی بیرێكی تر لەو سنوورە دەكات و پەمپی دەرهێنانی نەوت بۆ دوو لەو بیرە نەوتانە دادەنێت كە پێش ئێستا هەڵكەنراون.

بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆمپانیاكە كە ئەمڕۆ دوو شەممە 22/3/2021 بڵاوكراوەتەوە، تێكڕای بەرهەمهێنانی نەوت لەمساڵدا لە ڕۆژێكدا بە نەگۆڕی لەنێوان 40 هەزار تا 44 هەزار بەرمیل ماوەتەوە.

كۆمپانیای گەڵف كیستۆن چاوەڕێ دەكات هەر لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا، واتە پێش كۆتاییهاتنی نیسان، دەست بە زیادكردنی دەرهێنانی نەوت بكەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لە ڕۆژێكدا بیگەیەننە 55 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا.

بە گوێرەی خەمڵاندنی كۆمپانیای گەڵف كیستۆن، خەرجییەكانی زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ گەیشتن بەو ئاستە 40 ملیۆن تا 50 ملیۆن دۆلار دەبێت.