سەردێر

حكومەت بڕیاریدا بەهای دینار بەرز نەكاتەوە

خەڵك-

حكومەتی عێراق بڕیاریدا بەهای دیناری عێراقی بەرز نەكاتەوە لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریكایی كە لەسەرەتای ئەمساڵەوە بەهاكەی دابەزاندووە و نرخی 100 دۆلار كراوە بە 146 هەزار دینار.

بەپێی زانیارییەكان حكومەتی عێراق پێشنیاری هەندێك ئەندام پەرلەمانی رەتكردووەتەوە بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دینار لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریكاییدا.

هاوكات كەمێك لەمەوبەر كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ رێككەوتن لەسەر بودجە بەبێ ئەنجام كۆتاییهات.

هاوكات كۆبونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق و فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەستیپێكردووە بۆ رێككەوتن لەسەر پشكی كورد كە تا ئێستا رێككەوتن نەكراوە.

سەرچاوەیەك لە فراكسیۆنی سائیرون رایگەیاند لە حاڵی رێكنەكەوتن لەسەر پشكی كورد بە زۆرینە پرۆژە یاسای بودجە تێدەپەڕێنن.

هاوكات ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنە شیعەكان واژوویان كۆكردووەتەوە بۆ دواخستنی دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای بودجە و خوازیارن ئەمڕۆ دەنگدان نەكرێت.

سوننەكانیش كێشەیان لەگەڵ پرۆژە یاسای بودجە هەیە داوا دەكەن، پشكی پارێزگا سوننەكان زیاد بكرێت.