سەردێر

حكومەت بەشەخۆراكی مانگانەی توێژێك دەبڕێت

خەڵك-
ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، فەرمان بە وەزارەتی بازرگانی دەكات، بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان دابین بكات و دەڵێت، توێژێك بەشەخۆراكی مانگانەیان دەبڕدرێت.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، وەزارەتی بازرگانی بەدەر كرد لە ڕێنماییەكانی جێبەجێكردنی گرێبەستەكان و لەمەودوا ڕاستەوخۆ پشت بە گرێبەستەكان دەبەستێت لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەی ماددەكانی بەشەخۆراكی مانگانە دابین دەكەن.

بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لەو ڕووەوە، كۆمەڵێك چاكسازیی لەخۆدەگرێت، بۆ ڕێكخستنی دابینكردنی ماددەكانی بەشەخۆراك بۆ هاووڵاتیان كە گرنگترینیان نەدانی فۆرمی خۆراكە بەوانەی شایستە نییە لە 2021/6/1، و پابەندكردنی وەزارەتەكان و ئەو لایەنانەی وابەستەنین بە وەزارەتەكان لە پارێزگاكان و یەكەكان، تا ناوی ئەو كارمەندانە ڕاستبكەن كە كۆی گشتی مووچەكەیان دەگاتە (ملیۆنێك و پێنج سەد هەزار دینار) و بەرەو ژوور، لەماوەی 30 ڕۆژ لە دەرچوونی بڕیارەكە.

پێشتر وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی بە بڕینی بەشەخۆراكی ئەو فەرمانبەرانە كردبوو كە مووچەكەیان زیاترە 1.5 ملیۆن دینار، ئەمەش بەلِێندەر و خاوەن كۆمپانیاكان و پزیشكەكان و ئەوانە دەگرێتەوە كە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن، لەگەڵ ئەوانەش كە جگە لە ڕەگەزنامەی عیراقی هەڵگری ڕەگەزنامەیەكی ترن.