سەردێر

زەریف: ئەمریكا ڕێگە نادات عیراق پارەی غاز و كارەباكەی خۆمان بداتەوە

خەڵك
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، غاز و كارەبا بە عیراق دەفرۆشین، ئەمریكا خۆی ڕێگەی داوە عیراق غاز و كارەبا لە ئێمە بكڕێت، بەڵام ڕێگەنادات عیراق ئەو پارەیە بداتەوە ئێمە، وەكو ئەوەی ئێمە تەنیا ڕێگەمان پێدرابێت خۆبەخشانە غاز و كارەبا بدەین.

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لەكاتی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسێكی ناوەندی لێكۆڵینەوەی سیاسیی برۆكسل ئاماژەی بەوەش كردووە، هەڵبژاردنەكانی ئێران دەبنە ڕێگر لەبەردەم هەر دانوستانێكدا تایبەت بە ڕێككەوتنی ئەتۆمی و “ئێران لەو كاتەدا ناتوانێت هیچ بڕیارێك بدات تا ئەوكاتەی حكومەتی نوێ پێكدەهێنرێت”.

هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئێران لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بەڕێوەدەچێت، بە وتەی جەواد زەریف پاش هەڵبژاردن، ئێران سەرقاڵی پێكهێنانی كابینەی حكومەتی نوێ دەبێت و ئەگەری هەیە پڕۆسەكە نزیكەی سێ مانگ بخایەنێت، بۆیە حكومەتی كاربەڕێكەر ناتوانێت هیچ بڕیارێك لەوبارەیەوە بدات و هەر بژارەیەكیش هەبێت لەدوای مانگی ئەیلوولەوە كاری لەسەر دەكرێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەش كرد، ئێستا هیچ نیازێكیان بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریكا بە تەنیا نییە، تا ئەوكاتەی ئەمریكا بڕیاری گەڕانەوە بۆ ناو ڕێككەوتنەكە دەدات كە لە ساڵی 2018 بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمریكا لێی كشاوەتەوە.

محەمەد جەواد زەریف ئەوەشی خستەڕوو “تائێستا ئەم ئیدارەیە هیچ شتێكی جیاوازی لە ئیدارەكەی ترەمپ نەكردووە. سەیركە ئێمە نزیكەی 10 ملیار دۆلارمان لە كۆریا هەیە، پارەمان لە عیراق هەیە، غاز و كارەبا بە عیراق دەفرۆشین، ئەمریكا خۆی ڕێگەی داوە عیراق غاز و كارەبا لە ئێمە بكڕێت، بەڵام ڕێگەنادات عیراق ئەو پارەیە بداتەوە ئێمە، وەكو ئەوەی ئێمە تەنیا ڕێگەمان پێدرابێت خۆبەخشانە غاز و كارەبا بدەین. ئێمە پێویستمان بەو پارەیە لەكاتی پەتای كۆرۆنا بۆ دابینكردنی ڤاكسین، خۆراك و دەرمان بۆ گەلی خۆمان”.