سەردێر

پەرلەمانتارێك: هەرێم پەسەندكردنی بودجەی لەگەڕخستووە

خەڵك-
ئەندامێكى لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، دوایین پەرەسەندنەكانی تایبەت بە پرۆژە یاسای بودجەی 2021 ئاشكرا دەكات و دەڵێت، پشكی هەرێم كوردستان پەسەندكردنەكەی لەگەڕخستووە.

محەمەد ئیبراهیم، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”هەموو كێشە تەكنیكیەكان لە پرۆژە یاسای بودجەدا چارەسەركران و ڕەوانەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرا، تا بۆ دەنگدان بیخاتەڕوو، بەڵام ناكۆكییەكان لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان و پابەندبوونی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ، تائێستا دەنگدانی لەسەر پرۆژە یاساكە لەگەڕخستووە”.

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە”دواكەوتنی داڕشتنی پرۆژە یاسای بودجەی 2021 بەردەوامە بەهۆی ناكۆكی لەسەر ماددەی 11 كە پشكی هەرێمی كوردستان لەخۆدەگرێت”.

محەمەد ئیبراهیم دەڵێت”فراكسیۆنە كوردییەكان ڕەزامەندییان لەسەر دەقەكەی حكومەت دەربڕیوە، بەڵام فراكسیۆنە سیاسییەكانی تر، ئەو دەقە ڕەتدەكەنەوە و داوای هەمواركردنی دەكەن و چەندان پێشنیاریش لەو بارەیەوە خراوتەڕوو، بەڵام لەلایەن كوردەوە ڕەتدەكرێنەوە”.

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق، ڕەتیدەكاتەوە پشكی پارێزگەكان و دۆسێی دامەزراندنەكان كێشەی سیاسییان دروستكردبێت، تەنانەت نرخی خەرجی دۆلاریش، بەڵام بە بڕوای ئەو”كێشەكە بە گشتی خۆی لە پشكی هەرێمەی كوردستان و ماددەی 11دا دەبینێتەوە كە لە چوارچێوە گشتییەكەیدا سیاسییە”.