سەردێر

لیژنەی دارایی: نرخی دۆلار ناگۆڕدرێت

خەڵك-
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، ئاستەنگێك ئاشكرا دەكات كە ڕێگرە لەبەردەم گۆڕینی نرخی خەرجی دۆلار.

ماجیدە تەمیمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”بەرزكردنەوەی نرخی خەرجی دۆلار، بردنەدەرەوەی دراوەكەی  ڕاگرت و ئاستی فرۆشتنی كەمكردەوە، ئەمەش وایكرد یەدەگی دراوەكە زیاتر ببێت و هەلی باشتر لە بەردەم وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و كۆمپانیا نيشتمانییەكان بڕەخسێنێت و هەلی كاردنی زیاترییان بۆ فەراهەم ببێت”.

بە وتەی تەمیمی”ئەو زیانەی بە هاووڵاتیان گەیشت بەهۆی بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار كاتییە و لە مەودایەكی دووردا كۆتایيان دێت، هەڵەی دەركردنی بڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی خەرجی دۆلاریش خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە زەمینەسازی بۆ نەكرا و ژیان و گوزەرانی چینێكی بەرفراوان ڕەچاونەكرا لەڕێی دابینكردنی  مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتی”.

بە وتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی”لە لایەنە باشەكانی بڕیارەكە كە دەكرێت قسەی لەسەر بكرێت، ئەوەیە كە ترلیۆنێك و 300 ملیار دینار بۆ چاودێری كۆمەڵایەتی لە بودجەدا تەرخانكراوە بە پێچەوانەی ساڵانی پێشوو، ئەمەش وادەكات بازنەی چاودێری كۆمەڵایەتی فراوانتر ببێت”.

سەبارەت بە ئەگەرەكانی گۆڕینی نرخی خەرجی دۆلاریش، تەمیمی ڕایگەیاند”هەر گۆڕانكارییەك لە نرخی خەرجی دۆلاردا بكرێت، دەبێتە مایەی هەڵوەشاندنەوەی بودجەی گشتی ساڵی 2021، چونكە هەموو حیساباتەكان گۆڕانكارییان بەسەردا دێت”.