سەردێر

رۆژهەڵاتی نێوەڕاست خۆی پڕچەك دەكات

خەڵك-

پەیمانگای نێودەوڵەتی ستۆكهۆڵم بۆ توێژینەوەی ئاشتی لە راپۆرتی خۆیدا كە ئەمڕۆ دوو شەممە بڵاویكردووەتەوە باس لە زیادبوونی مامەڵەی فرۆشتنی چەك دەكات لە 2016 تا 2020 لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

پەیمانگەكە، ئاماژەی بە ئەوە كردوە، ئەمریكا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا گەورەترین هەناردەكاری چەكن لە جیهاندا، هەناردەكردنی چەكیان زیادكردووە، بەڵام روسیا و چین رێژەی هەناردەیان دابەزیوە.

بیتەر ویزمان گەورە توێژەر لە بەرنامەی پەیمانگەكە بۆ چەك و تێچووی سەربازی دەڵێت: كاریگەری ئابووری پەتای كۆرۆنا پاڵی بە هەندێك وڵاتەوە نا بۆ پێداچوونەوە بە تێچووەكانیان لە چەك لە ساڵانی داهاتوو .

ئاشكراشیكردووە لە هەمان كاتدا لە 2020 دا هەندێك وڵات گرێبەستی گەورەی چەكی سەرەكییان كردووە.

ئاماژەی بەوەشكرد ئیمارات لە ئەم دواییەدا رێككەوتنی لەگەڵ ئەمریكا كردووە بۆ كڕینی 50 فڕۆكەی جۆری ئێف 35 و 18 فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بە بەهای 23 ملیار دۆلار.

هەندێك وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە رێژەی 25% لە نێوانی 2016 بۆ 2020 تێچووی سەربازیان زیادیكردووە بەراورد بە 2001 تا 2011، سعودیەش گەورەترین كڕیاری چەكە لە جیهاندا.