خەڵك-
نووسینگەی كاروباری مرۆیی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان ئاشكرایكرد نزیكەی 2.7 ملیۆن سۆماڵی تووشی كەمی خۆراك دەبنەوە لە مانگەكانی داهاتوو بەهۆی وشكەساڵییەوە.
وشكەساڵی بۆ ماوەیەكی زۆرە لە سۆماڵ بەردەوامە، بووە بە كارەساتێكی بێكۆتایی، نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت خراپترینە پێشتر نەبووە.
ینس لایركە وتەبێژی نووسینگەی كاروباری مرۆیی نەتەوە یەكگرتووەكان، رایگەیاند، دانیشتوانی ئەم ناوچانە بە دەیان هەزار كەسیان ناچاربووە ماڵەكانیان چۆڵ بكەن لە مانگی تشرینی دووهەمی رابردووەوە بەهۆی كەمبوونەوەی ئاوەوە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسەكانی فریاگوزاری، بەهۆی كەمی بارانبارین لە وەزرەكانی رابردووی باران باریندا بەرهەم و چاندن و ئاژەڵداری لەنێوچووە و ئاسایشی خۆراك لە مەترسیدایە.
وتەبێژەكەی نووسینگەی كاروباری مرۆیی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت: گەورەترین قەیرانی برسێتی لە سۆماڵ روو دەدات لە مانگەكانی نیسان بۆ حوزەیران، نزیكەی 2.7 ملیۆن سۆماڵی زیانیان پێ دەگات، لەوانە 840 هەزاریان لە تەمەنی خوار 5 ساڵانەوەن.