سەردێر

كەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان دەستپێدەكاتەوە؟

خەڵك-
ماوەی 6 ساڵە حكومەتی هەرێم بە بیانووی قەیرانی دارایی مافێكی یاسایی فەرمانبەران، كە پلەبەرزكردنەوەیە ڕایگرتووە و سەرچاوەیەكی دارایی-ش دەڵێت: “دوای بودجە دەستپێدەكاتەوە” و بەرپرسێكی پەروەردەش جەختدەكاتەوە، هەموو هەوڵێكیان داوە تا كێشەی مووچە و پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان چارەسەر بكرێت.

ماوەی 6 ساڵە و لە 1-1-2016ەوە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان ڕاگیراوە و لەگەڵ ئەەشدا لە ماوەی ئەو 6 ساڵەدا بەشێكی زۆری مووچە بە پاشەكەوت و لێبڕینەوە دابەشكراوە و مووچەی 4 مانگی 2015 و یەك مانگی 2018 و 7 مانگی 2020 نەدراوە بە فەرمانبەران.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ئامادەكارییەكانی داڕشتنی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021ی هەرێم بەرەوكۆتایی دەڕۆن و دوای پەسەندكردنی لەلایەن حكومەت و پەڕلەمانەوە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانیش دەستپێدەكاتەوە.

هاوكات، محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەركات پڕۆژە یاسای بودجە ئامادە بكرێت، هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەندییان هەیە بە دامەزراندن و پلە بەرزكردنەوە و خانەنشینی و هەموو پڕۆژەكانی خزمەتگوزارییەوە لەناو پڕۆژەكە جێگیر دەكرێن.

لای خۆشیەوە، د. سەیوان عەلی، بریكاری وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، خۆشبەختانە لە ئێستا مانگانە مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران دابەش دەكرێت و بەپێی بڕیاری حكومەت مانگانە بەپێی داهات مووچە دەدەن، بەڵام لابردنی لێبڕینی مووچە پەیوەستە بەو ڕێككەوتنەی لەنێوان هەولێر و بەغدا دەكرێت، كە ئەگەر ڕێكككەوتنی كۆتایی كرا و بودجە هات ئەو كاتە كێشەكان چارەسەر دەبن و هەمووان حەز دەكەن ڕێككەوتن بكرێت، لە هەموو حاڵەتێكیشدا حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە بەپێی داهات مووچە دابەش بكات.

وتیشی، “هەموو هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردە كێشەكانیان چارەسەر بكرێت و هەموو مافەكانیان پێ بدرێت و تەنانەت زۆربەی كاتەكانمان لە وەزارەت بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەیە تاوەكو دەرەچە بدۆزینەوە بۆ ئەو كێشە و گرفتانەی هەمانن، كە یەكێك لەوانە پلەبەرزكردنەوە و سەرمووچەیە هەروەها مووچەی مانگانە و دەوامی مامۆستایان”.

بریكاری وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەشكرد، لە هەموو كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیری پەروەردە باسی كێشەكانی مامۆستایان دەكات، هەر لە مووچە و پارەی وانەبێژی و پڕۆسەی خوێندنەوە، بۆیە دەمانەوێت مامۆستایان ئەو ڕاستییە بزانن، كە لەبیرمان نەكردوون و بەردەوام لە هەوڵداین بۆیان.

بەپێی یاسای خزمەتی شارستانی و یاسای بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت، پێویستە هەر فەرمانبەرێك ساڵانە سەرمووچەی خۆی پێی بدرێت و بە 4 بۆ 5 ساڵیش بەپێی پلەی وەزیفییەكەی پلەبەرزكردنەوەی بۆ بكرێت و لەگەڵیشیدا ناونیشانە وەزیفییەكەی بگۆڕێت.