سەردێر

فارس عیسا: ئێمە لەگەڵ حكومەتی ناوەند ڕێككەوتنی خۆمان كردووە

خەڵك

سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا ڕایدەگەیەنێت:”ئێمە لەگەڵ حكومەتی ناوەند ڕێككەوتنی خۆمان كردووە و لایەنە ناڕازییەكانیش هیچ جێگرەوەیەكیان نەبووە”.

فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، بە ڕووداوی ڕاگەیاند، بڕیارە رۆژێك پێش ئەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2021ی عیراق بخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمان بۆئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، شاندی هەرێمی كوردستان بچنەوە بەغدا، “واتە ئەگەر وەك ئەوەی باسدەكرێت دووشەممە بخرێتە بەرنامەی كار، ڕۆژی یەكشەممە شاند دەچێتەوە بەغدا”.

فارس عیسا ئاماژەی بەوەشدا:”تا ئێستا تەنیا بەشێك لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە شیعەكان هەوڵدەدەن پڕۆژەیاساكە لە ڕۆژی دووشەممە بخرێتە دەنگدان، ئەوەش بۆئەوەی لەگەڵ پڕۆژەیاسای دادگای فیدراڵی تێپەڕێنن و سازش بكرێت”.

سەبارەت بە دوایین ڕێككەوتن لەگەڵ لایەنە سیاسییە شیعەكان لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان، فارس عیسا ئەوەی خستەڕوو: “ئێمە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی ڕێككەوتووین و ڕێككەوتنەكەش بووەتە دەقێكی فەرمی لەنێو پڕۆژەیاساكەدا، تا ئێستاش هیچ جێگرەوەیەكی ئەو ڕێككەوتنە بۆ ئێمە نەهاتووە”.

نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، ئەوانەی لە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان ناڕازین، هەموو فراكسیۆنەكان نین، بەڵكو چەند ئەندامێك لەنێو ئەو فراكسیۆنانە كێشە دروستدەكەن، دەڵێت “لەسەر ئاستی فراكسیۆن هەڵوێستی سەدرییەكان باشە، هەروەها هەڵوێستی ڕەوتی حیكمە بەم دواییانە زۆر باش بووە، ئەو ئەندامانەشیان كە ناڕەزایی دەردەبڕن، تەنیا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە، چونكە دروستكردنی كێشە بۆ هەرێمی كوردستان بەلای ئەوانەوە باشترین بانگەشەیە”.