سەردێر

“لێناگەڕێین ئیمتیازی پرۆژەکانی وەبەرهێنان لەشارەکانی تری عێراق کەمتر بێت”

خەڵک

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، دەڵێت؛ داوامان کردووە؛ کارئاسانی زیاتر بۆ وەبەرهێنەران بکرێت و لانی کەم هەوڵەکانی هاندانمان بگەیەنینە ئەو ئاستەی هاوتای هەوڵەکانی هاندان بۆ پرۆژە وەبەرهێنانەکانی عێراقی لێبکرێت.

 

لە بوڵتەنی ئابووری کەناڵی ڕووداودا د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، ڕایگەیاند؛  ئەو ئاسانکارییانەی بۆ سەرجەم سێکتەرەکانی بواری وەبەرهێنان پێشکەشدەکرێن لە هەرێمدا بە هۆی هەندێک بەند وایکردووە، کە بەراورد بە عێراق کەمتر بن، ئەمەش بە هۆی ئەو هۆکارە داراییانەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستانی تێدایە و لە عێراق دۆخەکە باشترە، بۆ نمونە لەڕووی دابینی سوتەمەنی و وزەی کارەباوە کارئاسانییەکانی حکومەتی عێراقی باشترن، ئیمکانیەتیان باشترە و دەستکراوەترن، بەڵام داوامان کردووە کە هاندانی وەبەرهێنان و کارئاسانیکردن بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکانیان گەر زیاتر نەبێت لەوەی عێراق، هاوتای ئەوانی لێبکرێت.

 

وتیشی؛ لێناگەڕێین هاندانی وەبەرهێنان کەمتر بێت بەراورد بە شارەکانی تری عێراق، چونکە گەر ئەو هاندانە کەمتر بێت وەبەرهێنەران ڕوو لە ناوچەکانی عێراق دەکەن بۆ سەرمایەگوزاری.

 

لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە وەبەرهێنەرانی کورد، لە ناوچە جیاجیاکانی عێراقدا، سەرقاڵی وەبەرهێنانن بە هۆی ئەو کارئاسانیانەی لەجێبەجێکردنی پرۆژەکان حکومەت ئەنجامی دەدات بۆیان، ئەمەش لە کاتێکدایە، کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە هەوڵێک هەیە، بۆ ئەوەی ئەو ئیمتیازاتانەی پیشتر بۆ وەبەرهێنەران هەبوون کەمبکرێنەوە و لە ماوەی ڕابردوشدا نرخی کارەبای پرۆژەکانی وەبەرهێنان بۆ دوو هێندە و سێهێندە زیادکراوە.

 

لەلایەکی ترەوەو بە پێی وتەی یاسین مەحمود ڕەشید، سەرۆکی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان – سلێمانی؛ بەهۆی ئەو ئاستەنگانەی کە دەخرێنە بەردەم وەبەرهێنەران لەهەرێمی کوردستاندا، ژمارەیەکی زۆر لە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان چوونەتە پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی وەبەرهێنان.