سەردێر

پەرلەمانتارێك: حكومەت ناچار دەكرێت نرخی دۆلار كەمبكاتەوە

خەڵك-
ئەندامێكی لیژنەی ئابوری وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، پەرلەمان دەتوانێت بڕگەی بەرزكردنەوەی نرخی خەرجی دۆلار لە بودجەدا ڕەتبكاتەوە، شێوازێكیش دیاریی دەكات كە بە وتەی ئەو “حكومەت دەخاتە بەردەم بژاردەی گۆڕینی نرخی دراوەكە”.

مازن فەیلی، ئەندامی لیژنەی ئابوری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”نرخی خەرجی دۆلار گەر لەلایەن زۆرینەی فراكسیۆنە سیاسییەكانی نێو پەرلەمانەوە ڕەتبكرێتەوە، ئەوا بوجە ڕەوانەی حكومەت دەكرێتەوە، تا دەستكاریی نرخی خەرجی دۆلار بكات، لەو حاڵەتەشدا ناچار دەبێت”.

فەیلی پێیوایە”هیچ بیانوویەك نییە بۆ بەرزكردنەوەی نرخی خەرجی دۆلار، لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ 70 دۆلار”.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) لەئێستادا جموجۆڵێكی سیاسی لەنێو پەرلەماندا دەستیپێكردووە و ژمارەیەك واژۆی زۆریش پێشكەش بە لیژنەی دارایی كراوە، تا نرخی خەرجی دۆلار وەك خۆی لێبكرێتەوە، یان كەمتر بكرێتەوە لەم نرخەی ئێستا لە بازاڕەكاندا ئاڵوگۆڕی پێوەدەكرێت.