سەردێر

بەرهەمی توركیا دەگاتە 226 وڵات

خەڵك-

ئاستی هەناردەی بەرهەمی توركیا گەیشتووە بە 226 وڵات لە سەرانسەری جیهاندا.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی توركیا لە ساڵی 2020 بەهای هەناردەكردنی كەلوپەلی توركیا بۆ وڵاتانی ناوچەكە و جیهان گەیشتووەتە 169 ملیار و 514 ملیۆن دۆلار، ئەوەش ئامانجی ئابووری ئەو ساڵەی تێپەڕاندووە كە پلانی بۆ دانراوە.

لە دیارترین ئەو وڵاتانەی بەرهەمی توركییان هاوردە كردووە بریتی بوون لە ئەمریكا، ئەڵمانیا، بەریتانیا.

ئەو بەرهەمانەی كە وڵاتان هاوردەیان كردووە بریتی بوون لە كەرەستەی سەربازی و بەرگری، كەرەستەی كیمیایی، دانەوێڵە و میوە و زۆر بەرهەمی دیكە.

توركیا ئامانجیەتی بەهای هەناردەكردن بگەیەنێتە 184 ملیار دۆلار لە ئەمساڵی 2021دا.

ئەمە لە كاتێكدایە لە 2019 لە هەرێمی كوردستان بەهۆی هێرشەكانی ئەنقەرە بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان و لە 2020 عەرەبستانی سعودیە بەهۆی نیگەرانی ریاز لە ئەنقەرە، بایكۆتی كاڵا و كەلوپەلی توركییان كرد.