سەردێر

مەلا یاسین: وەبەرهێنان لە سلێمانی لە پاشەكشەدایە

خەڵك

سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان / سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، برینی سەرەكی ئێستای وەبەرهێنان لە پارێزگای سلێمانی نەبوونی تەنسیقە لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنان و سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی.

مەلا یاسین مەحمود سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان / سلێمانی وتیشی، بیرۆكەی یەكەم وەبەرهێنان لە ئاستی عیراقدا لەسەردەمی یەكەم كابینەی ئەوسەردەمەی سلێمانییەوە دروست بووە و باشترین پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە شاری سلێمانییەوە سەرچاوەی گرتووە، هەروەك باشترین نەخۆشخانە لە ئاستی عیراقدا لە پارێزگای سلێمانییە هەروەها، باشترین هۆتێلی پێنج ئەستێرەی حەقیقی هەر لە پارێزگای سلێمانی دروستكراوە و باشترین هێلێ‌ بەرهەم هێنانی ئاسن و چیمەنتۆ لە ئاستی عیراقدا هەر لە پارێزگای سلێمانییە، باشترین پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە ڕووی كواڵیتییەوە هەر لە پارێزگای سلێمانییە، بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا وەبەرهێنەرانی سلێمانی تووشی شۆك بوون، كە سەرچاوەكەی لە هەولێرە بەوپێیەی پێدانی پڕۆژە بە سلێمانی زۆر لاوازكراوە.

مەلا یاسین مەحمود ئاماژەی بەوەشدا، شۆكێكی تر دەستبەكار بوونی سەرۆكی شارەوانی پارێزگای سلێمانییە بەوپێیەی بە سیستمێكی تازە كاردەكات كە دەبووایە پێشتر ئەو سیستمە كاری پێبكرێت، بەڵام ئەو سیستمە بۆ ئێستا ئاڵۆزە، كە ئەمەش وایكردووە كاری وەبەرهێنان لە پارێزگای سلێمانی لەپاشەكشەدابێت.

مەلا یاسین مەحمود سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان / سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا پارێزگای سلێمانی خاوەنی 14.6 ملیار دۆلار وەبەرهێنانە، بەڵام بەبەراورد بە ساڵانی ڕابردوو لەگەڵ شارەكانی تردا لە بواری وەبەرهێناندا پاشەكشەی كردووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەندێك لە وەبەرهێنەرەكانی سلێمانی شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراق كاری وەبەرهێنان دەكەن و مۆڵەتی وەبەرهێنانیان وەرگرتووە.

جێی ئاماژەیە، ئەمڕۆ سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی ‌و بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنان كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ خاوەنی سەرجەم كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبوون‌ و خاوەن مۆڵ ‌و بازاڕە میللییەكان ئەنجامدا‌ و تیایدا جەخت لە گرنگی پابەندبوون و جێبەجێكردنی ئەو شێوازی نەخشانە كرایەوە، كە بۆ ئەو شوێنانە دیاریكراوە.



هەلبژاردە

گرنگترینەکان