سەردێر

لیژنەی دارایی: گۆڕینی نرخی دۆلار ئاستەنگی بەردەم پەسەندكردنی بودجە نییە

خەڵك-
لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، ڕەتیدەكاتەوە گۆڕینی نرخی خەرجی دۆلار لەبەرانبەر دیناری عیراقی، ئاستەنگ بێت لەبەردەم تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021.

محەمەد ئیبراهیم، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”گۆڕینی نرخی خەرجی دۆلار لەبەرانبەر دیناری عیراقی، ئاستەنگ نییە لەبەردەم تێپەڕاندنی بودجەی ساڵی 2021، چونكە ئەوە لە دەسەڵاتی پەرلەماندا نییە و حكومەت ئەو نرخەی ناردووە، ئێمەش پابەندكراوین بەوەی دەنگی لەسەر بدەین، بەو پێیەی حكومەت پلانی ئابوری تایبەت بەخۆی هەیە و دەیەوێت لە پرۆژە یاسای بودجەدا جێبەجێی بكات”.

بە وتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی”لیژنەی دارایی پەرلەمان، داوای لە حكومەت نەكردووە گۆڕانكاریی لە نرخی خەرجی دۆلار لەبەرانبەر دیناری عیراقیدا بكات، چونكە دەزانێت وەڵامەكەی ڕەتكردنەوە دەبێت، بەڵام هەن كە دەیانەوێت موزایەدە بكەن بەسەر لیژنەی داراییەوە، هەرچەندە باش دەزانن پەرلەمان ناتوانێت بیگۆڕێت یان لایببات، بەو پێیەی ئەو كارە تەنیا لە دەسەڵاتی لایەنی ڕاپەڕاندندایە”.