سەردێر

لەسەر لێبڕینی مووچە یاداشتێك دەدرێتە وەزیری دارایی

خەڵك-
لەسەر پرسی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران، پەڕلەمانتارێكی لیژنەی دارایی یاداشتێك دەداتە وەزیری دارایی هەرێم و دەشڵێت: “نرخی فرۆشتنی نەوت زیادی كردووە و گەڕاوەتەوە پێش دۆخی سەرهەڵدانی كۆرۆنا”.

عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی كۆمەڵ بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لەسەر لێبڕینی مووچە و داهاتی هەرێم یاداشتێكم ئاڕاستەی وەزیری دارایی كردووە و داوای ڕوونكردنەوەم كردووە لەسەر لێبڕینی مووچەی مانگی ئادار.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە مانگەکانی‌‌ (٣و ٤و ٥)ی‌ ساڵی‌‌ ٢٠٢٠، سەرەتای‌ بڵاوبوونەوەی‌ نەخۆشی‌ کۆرۆنا، حکومەت یەک بەرمیل نەوتی‌ بە (٥ تا ١٦) دۆلار فرۆشتووە، دابەزینی‌ نرخی‌ نەوتی‌ کردە پاساوی‌ لێبڕینی‌ مووچە و دوو مانگ جارێکیش دابەشی دەکرد.

وتیشی، “لە مانگەکانی‌ ٢و ٣ی‌ ئەمساڵی‌ ٢٠٢١، حکومەت نەوتی‌ لە سەروو ٥٠ دۆلارەوە فرۆشتووە، پرسیاری ئەوەمان لە وەزیری دارایی كردووە ئایا لێبڕینی‌ مووچە بەردەوام دەبێت؟! ئایا داهاتی فرۆشتنی نەوت بۆ مانگی 1 و 2ی ئەمساڵ چەند بووە؟”.

جەختیشی كردەوە، “نابێت ستەمی لێبڕینی‌ مووچە بەردەوام بێت لە کاتێکدا نرخی‌ نەوت گەڕاوەتەوە بۆ نرخەکەی‌ پێش بڵاوبوونەوەی‌ کۆرۆنا”.