سەردێر

كۆمپانیاكانی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لە سلێمانی دەستدەكەنەوە بەكاركردن

خەڵك-
دوای ئەوەی بەهۆی خەرج نەكردنی شایستە داراییەكانیانەوە كۆمپانیاكانی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لە سلێمانی كارەكانیان ڕاگرت، جیبَگری سەرۆكی شارەوانی سلێمانی دەڵێت: “كێشەكە چارەسەر كرا و دەستدەكەنەوە بە كاركردن”.

ئاکۆ عەلی، جێگری سەرۆکی شارەوانی سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ئەمڕۆ لە شارەوانی بە ئامادەبوونی سەرۆكی شارەوانی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەكان و كۆمپانیاكانی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك كۆبوونەوە سەبارەت بە مانگرتنی كۆمپانیاكان بەهۆی كێشەی گرێبەستەكانیانەوە.

ڕاشیگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا سەرجەم كێشەكان خرانەڕوو، بڕیاری پێویست لەبارەیانەوە درا و كێشەكانیان چارەسەر كرا.

وتیشی، “گرێبەستی كۆمپانیاكان نوێ‌ دەكرێتەوە و هیچ كێشەیەكیان نەماوە و دەست دەكەنەوە بە كاری خۆیان”.

ئەمڕۆ بەهۆی مانگرتنی ژینگە پارێزانی کۆمپانیاکانی پاكکەرەوەی سلێمانی شەقامەکان خۆڵ و خاشاک و پاشماوەی کاسبکاران و هاووڵاتیانی لەسەر کەڵەکەبووە و بەوەش سەرەڕای ناشرینی دیمەنەكان بۆتە هۆی پیسبوونی ژینگەی شەقامەكان.

پێشتر (خەڵك) لە زاری سەرچاوەیەكی شارەوانی سلێمانیەوە بڵاویكردەوە، بە ئامادەبوونی سەرۆكی شارەوانی و بەرپرسانی ئیداری و لایەنە پەیوەندیدارەكان كۆبوونەوە دەكرێت بۆ چارەسەر كردن و دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەك بۆ ئەو كێشەیە.