سەردێر

یاسایەكی تایبەت بە ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتیان دەردەچێت

خەڵك-
لە هەرێمی كوردستان یاسایەكی تایبەت بە پاراستنی تۆڕەكانی ئاوی خواردنەوە و سزادانی ئەوانەی زیادەڕۆیی دەكەنە سەری دەردەچێت و لە داهاتی فەرمانگەكانیش پاداشت بۆ كارمەندانی بەشەكانی لابردنی زیادەڕەوی دیاری دەكرێت.

لوقمان وەردی، سەرۆكی لیژنەی شارەوانی و گەشتوگوزاری پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، پڕۆژە یاسایەكیان ئامادە كردووە بۆ پاراستنی پڕۆژەكان و تۆڕەكانی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێم تاوەكو پارێزگارییان لێ‌ بكرێت و زیانیان پێ‌ نەگات و كەس نەتوانێت زیادەڕۆیی بكاتە سەر یان ئاوی زیادە ڕابكێشێت.

ڕاشیگەیاند، ڕاپۆرت لەلایەن لیژنەكەمانەوە ئامادە كراوە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو و لەگەڵ دەستپێكردنەوەی وەرزی یاسادانان دەخرێتە بەرنامەی كارەوە و خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەكرێت و دەنگی لەسەر دەدرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو یاسا سودی زۆری دەبێت بۆ پاراستنی پڕۆژەكان و تۆڕەكانی ئاو و ئاوەڕۆ، كە پێشتر هیچ یاسایەك نەبوو بۆ پاراستنیان لە دەستدرێژی و زیادەڕۆیی.

جەختیشی كردەوە، لە یاساكەدا “محرمات”ی بۆرییەكانی ئاو دیاری دەكرێن و جەختی لەسەر كراوەتەوە، چونكە لە هەندێك شوێن خانوو و باخی لەسەر دروست كراوە.

سەبارەت بە تەرخان كردنی دەرماڵە بۆ فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو، لوقمان وەردی وتی، “لە هەلومەرجی ئێستادا، كە قەیرانی داراییە و سیاسەتی حكومەتیش دیارە لە بابەتی پارە و دەرماڵە، بۆیە ئێمە زیاتر گرنگیمان داوە بە لایەنی یاسایی و ڕێكارەكانی نەهێشتنی زیادەڕۆیی، هەرچەندە پێشنیازێك هەیە بۆ ئەوەی پاداشتێك تەرخان بكرێت بۆ ئەو لیژنانەی هەڵدەستن بە لابردنی زیادەڕۆییەكان، بەڵام وەكو دەرماڵە بۆ هەموو فەرمانبەران ئەوەی تێدا نییە”.