سەردێر

عەلوەی سلێمانی دەكرێتەوە

سلێمانی – نزار جەزا

ئەمڕۆ شەممە بڕیاردرا كێشەی كاسبكارانی عەلوەی سلێمانی و شۆفێرانی مەرزی باشماخ چارەسەر بكرێت و دەرگای عەلوەش كرایەوە.

ئەمڕۆ شەممە، عەلوەی سلێمانی بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك داخرا، بەمەبەستی دروستكردنی فشار، بۆئەوەی چارەسەری كێشەكەیان بۆ بكرێت.

سەروەر عەلی، سەرۆكی سەندیكای عەلوەی سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ بڕیاردرا، لەسەرەتای هەفتەی ئایندە كۆبوونەوەیەك بەئامادەبوونی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان بەڕێوەبچێت بۆ چارەسەری كێشەكەیان.

ئاماژەی بەئەوەشدا، هێشتا كێشەكەیان چارەسەرنەبووە و مەترسییەكان هەر بەردەوامن، بەڵام لەبەر بەرژەوەندی گشتی دەرگای عەلوەیان كردەوە.

هۆكاری داخستنی دارگای عەلوە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئەمنیەتی بارهەڵگرەكانیان و پاراستنی سەلامەتی گیانی هەموولایەك لەڕێگای مەرزەكان.

پێشتر سەروەر عەلی سەرۆكی سەندیكای عەلوەی سلێمانی بۆ (خەڵك)ی ڕوونكردبووەوە، لەم چەند ڕۆژەی پێشوودا هەشت شۆفێریان ڕفاندوون و هەڕەشەی كوشتنیان لێكردوون، كە جارێكی دیكە بارنەگوازنەوە، دواتر لەڕیگەی چەند كەسێكەوە توانییان ئازادیان بكەن، بەڵام دەستگیرنەكراون.

ئەوەشی باسكردبوو، تاكو ئێستا تەنها بەقسە بەڵینی چارەسەری كێشەكەیان پێداون و هیچ كردارێك نابینن.

لەچەند ساڵی ڕابردوودا لەمەرزی باشماخ هێڵێكی كاركردن هەبوو كە تەنها خاوەن ئەو هێڵە دەیتوانی كاری شۆفێری لەمەرزەكەدا بكات، بەڵام دواتر خاوەن عەلوەكانی سلێمانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری تایبەت بەخۆیان كڕی و خۆیان باری خۆیان دەهێنایەوە بۆ سلێمانی یان لەڕێگەی شۆفێری ئێرانییەوە بارەكانیان دەهێننەوە، ئەمەش بووە جێگەی ناڕەزایەتی خاوەن هێڵەكانی مەرزی باشماخ.

لەدوای دروستبوونی ناڕەزایەتییەكان فشارخرایە سەر شۆفێری عەلوەكان، كە مەرزەكە جێبهێڵن، ئەوانیش لەژێر فشاردا لەساڵی ٢٠١٧دا مەرزەكەیان جێهێشتووە و ئێستا بارەكانیان لەمەرزی سەیرانبەند و تەوێڵە و مەرزەكانی دیكەوە بۆ سلێمانی دەگوازنەوە، بەڵام هێشتا خاوەن هێڵەكانی مەرزی باشماخ فشاردەخەنە سەر ئەوان، بۆئەوەی بارەكانیان لەڕێگەی ئەوانەوە بگوازنەوە نەك شۆفێری ئێرانی یان شۆفێری خۆیان.

هەر هێڵێك لەهێڵەكانی مەرزی باشماخ نرخی دەگەیشتە نزیكی ٩٠ هەزار دۆلار، بەڵام بەهۆی دەركردنی شۆفێرانی عەلوەی سلێمانی و نەگواستنەوەی بارەكانی عەلوە لە مەرزی باشماخەوە، ئێستا نرخی ئەو هێڵانە دابەزیون و وەك پێویست كاری تێدانەماوە، لەبەرئەمە شۆفێرانی مەرزی باشماخ ناڕازین.

شۆفێرانی عەلوەی سلێمانی دەڵێن: ئێمە باری خۆمان لەئێرانەوە بۆسلێمانی دەهێنێن، ئازادین لەكام مەرزەوە دەیگوازینەوە و بەكێی دەگوازینەوە.

شۆفێرانی مەرزی باشماخیش جەخت لەئەوەدەكەنەوە، سەدان خێزان قوتی ژیانی لەسەر ئەو مەرزەیە، ناكرێت لەبەر بەرژەوەندی ژمارەیەك بازرگان ئەو هەموو خەڵكە نانبڕاوبكرێت.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) كە لەشۆفێرانی نێو خۆپیشاندانەكەوە وەریگرتووە، شۆفێرانی مەرزەكانی دیكە جگە لەباشماخ هیچ گرفتێكیان لەگەڵ شۆفێرانی عەلوە نییە، چونكە لەگەیاندا ڕێككەوتوون و بەبێ كێشە كارەكانیان دەكەن.

ئەمە لەكاتێكدایە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا شۆفێرانی مەرزی باشماح و كاسبكاران و شۆفێرانی عەلوەی سلێمانی بەجیا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داواكاری و كێشەی خۆان گەیاندە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بۆئەوەی چارەسەری كێشەكەیان بكەن.

شۆفێرانی بارهەڵگرەكانی مەرزی باشماخ باس لەئەوەدەكەن، هێڵی فەرمییان هەیە و لەمەرزی نێودەوڵەتی باشماخ مۆڵەتیان هەیە و ساڵانە هێڵەكانیان نوێدەكەنەوە وكۆمەڵێك ڕسوماتیشیان هەیە، بەڵام ژمارەیەك خاوەن عەلوەی سلێمانی بارهەڵگریان كڕیوە و خۆیان بارەكان دەگوازنەوە، لەكاتێكدا هیچ ڕسوماتێكیان نییە و كارەكەیان نایاساییە، ئەمەش گرفتی بۆ ئەو شۆفێرانە دروستكردووە كە خاوەن هێڵن و ناتوانن كاربكەن.

ئەم كێشەیەی نێوان شۆفێرانی بارهەڵگرەكان پێویستی بەچارەسەری خێرا هەیە، چونكە لەئێستادا شۆفێرانی عەلوەی سلێمانی بڕیاریانداوە هیچ بارێك نەهێننە سلێمانی تاكو كێشەكە چارەسەری ڕیشەیی بۆ نەكرێت، ئەمەش گرفت بۆ هاوڵاتییان دروستدەكات، چونكە ناتوانن وەك پێویست سەوزە و میوە بكڕن.