خەڵك-
پڕۆسەی خوێندن بەشێوەی تەناوب ماوەی مانگێكە لە هەرێم دەستی پێكردۆتەوە و حكومەتی هەرێمیش بڕیاریداوە بەپێی داهاتی بەردەست مانگانە مووچە دابەش بكات، بریكاری وەزارەتی پەروەردەش ڕایدەگەیەنێت،
ماوەی 6 ساڵە و لە 1-1-2016ەوە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان ڕاگیراوە و لەگەڵ ئەەشدا لە ماوەی ئەو 6 ساڵەدا بەشێكی زۆری مووچە بە پاشەكەوت و لێبڕینەوە دابەشكراوە و مووچەی 4 مانگی 2015 و یەك مانگی 2018 و 7 مانگی 2020 نەدراوە بە فەرمانبەران.
د. سەیوان عەلی، بریكاری وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، خۆشبەختانە لە ئێستا مانگانە مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران دابەش دەكرێت و بەپێی بڕیاری حكومەت مانگانە بەپێی داهات مووچە دەدەن.
ڕاشیگەیاند، لابردنی لێبڕینی مووچە پەیوەستە بەو ڕێككەوتنەی لەنێوان هەولێر و بەغدا دەكرێت، كە ئەگەر ڕێكككەوتنی كۆتایی كرا و بودجە هات ئەو كاتە كێشەكان چارەسەر دەبن و هەمووان حەز دەكەن ڕێككەوتن بكرێت، لە هەموو حاڵەتێكیشدا حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە بەپێی داهات مووچە دابەش بكات.
وتیشی، “هەموو هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردە كێشەكانیان چارەسەر بكرێت و هەموو مافەكانیان پێ بدرێت و تەنانەت زۆربەی كاتەكانمان لە وەزارەت بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەیە تاوەكو دەرەچە بدۆزینەوە بۆ ئەو كێشە و گرفتانەی هەمانن، كە یەكێك لەوانە پلەبەرزكردنەوە و سەرمووچەیە هەروەها مووچەی مانگانە و دەوامی مامۆستایان”.
بریكاری وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەشكرد، لە هەموو كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیری پەروەردە باسی كێشەكانی مامۆستایان دەكات، هەر لە مووچە و پارەی وانەبێژی و پڕۆسەی خوێندنەوە، بۆیە دەمانەوێت مامۆستایان ئەو ڕاستییە بزانن، كە لەبیرمان نەكردوون و بەردەوام لە هەوڵداین بۆیان.