سەردێر

وەزیری دارایی لەسەر بودجەی هەرێم و مووچە زانیاری نوێ‌ بڵاودەكاتەوە

خەڵك-
وەزیری دارایی حكومەتی فیدڕاڵی عێراق ئاشكرای دەكات، كە كورتهێنان لە بودجەدا كەمكراوەتەوە و هیچ كێشەیەك بۆ دابەشكردنی مووچە نییە و دەشڵێت: “تەنها پشكی هەرێمی كوردستان ماوە یەكلایی بكرێتەوە”.

عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی (العراقیە)ی فەرمی ڕایگەیاندووە، هیچ كێشەیەكی هونەری ڕێگر نییە لەبەردەم پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021، بەڵكو ئەوەی هەیە پەیوەندی بەپشكی هەرێمی كوردستانەوە هەیە”.

ڕاشیگەیاندووە، لە بودجەدا نرخی بەرمیلێك نەوت بە 45 دۆلار دیاری كراوە و بڕی كورتهێنانی بودجە بۆ 30 ترلیۆن دینار كەمكراوەتەوە، بەڵام قەرزی دەرەكی بە بڕی 60 ملیار دۆلار و ناوخۆیی بە بڕی 70 ترلیۆن لەسەر عیراق ماوە.

سەبارەت بە نرخی دۆلار عەللاوی وتویەتی، “دیاریكردنی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بەو جۆرەی دانراوە، جێگیر كراوە و هیچ گۆڕانكارییەكی تێدا ناكرێت”.

وەزیری دارایی عێراق ڕاشیگەیاندووە، مووچەی فەرمانبەران مانگانە و لەكاتی خۆیدا بەبێ‌ هیچ كێشەیەك دابەشدەكرێت و پێشبینی دەكرێت پەڕلەمان باج لەسەر مووچە و دەرماڵەكان دابنێت.

هەرچەندە تا ئێستا ڕێككەوتنی كۆتایی لەنێوان هەرێم و عیراق نەكراوە لەسەر بودجە و نەوت، بۆیە تا ئێستا نازانرێت ئاخۆ بڕیاری وەرگرتنی باج لە مووچە و دەرماڵە، فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە یان نا.

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر (خەڵك) پەیوەندی كرد بە چەند پەڕلەمانتارێكی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراقەوە، بەلام پەیوەندییەكان بەردەست نەبوون.