سەردێر

نزیكەی 100 ملیار دۆلار لە توركیا دیارنامێنێت

خەڵك-

دوو بەرپرسی باڵای بانكی توركیا داوای لێكۆڵینەوەی فەڕمی دەكەن لە دیارنەمانی دەیان ملیار دۆلار لە دراوی یەدەگی دامەزراوەی دارایی توركیا لە ساڵی رابردوودا.

بانكی نێوەندی توركیا ناونیشانێكی دیكەی قەیرانی ئابوری توركیایە، سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت دراوی یەدەگ لە بانكدا نزیكەی 100 ملیار دۆلارە، بەڵام ئۆپۆزسیۆن بە پشت بەستن بە زانیاری فەڕمی دەڵێت دامەزراوەی دارایی توركیا 60 ملیار دۆلار قەرزدارە.

یەدەگی دراوی بیانی لە بانكی ناوەندی زیانێكی گەورەی بەركەوتووە و زیانی داوە لە سەقامگیری رەوشی دارایی لە وڵات بەتایبەت پشتیوانی دراوی ناوخۆیی.

دورموش یەلماز كە سەرۆكایەتی بانكی كردووە لە ساڵانی 2006 بۆ 2011 و جێگری پارێزگاری بانك ئیبراهیم تورهان باس لە پێویستی دامەزراندنی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە دەكەن لە زیانەكان.

بانكی وەبەرهێنانی ئەمریكایی گولدمان ساكس خەمڵاندنی كردووە كە بانكی ناوەندی 100 ملیار دۆلاری لە دراوی یەدەگ زیان كردووە لە 10 مانگی یەكەمی 2020 لەگەڵ دابەزینی بەهای لیرە لە بەرامبەر دۆلار و یۆرۆ.

دوای ئەم زیانە گەورەیە سیاسییەكان و ئۆپۆزسیۆن داوای ئاشكراكردنی چارەنووسی ئەم پارەیە دەكرێت، دوو بەرپرسی پێشووی بانكیش هاتونەسەر خەتی قەیرانەكە.

یەلماز كە ئەندامی حزبی بزووتنەوەی نەتەوەییە دەڵێت: رەنگە ئەم پارەیە بۆ پشتیوانیكردن لە كۆمپانیا داراییەكان خەرج كرابێت.

دەپرسێت كام كۆمپانیای پیشەسازی دراوی بیانی پێ بەخشراوە؟

لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بەرگری كردووە لە سیاسەتەكانی دارایی و هەڵسەنگاندنی رەوشی ئابووری توركیا بە باش.

ئەردۆغان دەڵێت: ئۆپۆزسیۆنی دوو ڕوو دەڵێن یەدەگی بانك لە دراوی بیانی بە تەواوی نەماوە، ئەوان سنووریان بەزاند، دەڵێن یەدەگ سفرە.

دەشڵێت: هاوڕێیان كاتێك گەیشتین بە فەرمانڕەوایی، یەدەگ 27.5 ملیار دۆلار بوو، ئێستا نزیكەی 95 ملیار دۆلارە، لە ماوەی سەرۆكایەتی وەزیراندا یەدەگی دراوی قورسی بیانی بەرز بووەوە بۆ 132 ملیار لە بانكدا، بەڵام پاشەكشەی كردووە بۆ 95 ملیار دۆلار لە ئێستادا.

ئۆپۆزسیۆن بە پشتیوانیكردن بە داتا و زانیاری فەڕمی دەڵێن بانكی ناوەندی نزیكەی 95 ملیار دۆلار قەرزدارە.

وتەبێژی حزبی گەلی كۆماری دەڵێت ئەم زانیارییانە لەلای ئێمە هەیە، بانكی نێوەندی پابەند كراوە بە دانەوەی 95 ملیار دۆلار لە ماوەیەكی كورت دا بەهۆی رێككەوتنەكانی ئاڵوگۆڕی دراوی ناوخۆیی.