سەردێر

لیژنەی ئابوری: پرسی بودجە پێنج شەممە یەكلایی ناكرێتەوە

هۆكارەكەی باس دەكات

خەڵك-
ئەندامێكی لیژنەی ئابوری لە پەرلەمانی عیراق، بەدووری دەزانێت ڕۆژی پێنج شەممەی داهاتوو پرسی بودجە لە پەرلەماندا یەكلایی بكرێتەوە، هۆكارەكەشی بۆ چەند كێشەیەك دەگێڕێتەوە.

مازن فەیلی، ئەندامی لیژنەی ئابوری لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”پێناچێت ڕۆژی پێنج شەممەی داهاتوو پرسی بودجەی گشتی 2021 لەلایەن پەرلەمانەوە یەكلایی بكرێتەوە، چونكە چەند كێشەیەك هەن كە تائێستا لەنێوان حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستاندا چارەسەر نەكراون”.

لەلایەكی ترەوە، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، بەدووری زانی لە دوای پەسەندكردنی بودجەوە، نرخی دۆلار بۆ سەرو 1500 دینار بەرزببێتەوە، هۆكاریی بەرزبوونەوەی ئەم چەند ڕۆژەی دوایی دراوەكەشی بۆ هەواڵ و لێدوانەكانی تایبەت بە داواكارییە پەرلەمانییەكان گێڕایەوە كە داوا دەكەن نرخی دۆلار بۆ نرخەكەی پێشوو بگێڕدرێتەوە.

پێشتر ئەحمەد سەفار، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق ڕایگەیاندبوو، پەرلەمان دەسەڵاتی ئەوەی نییە گۆڕانكاریی بەسەر نرخی دۆلاردا بهێنێت، ئەو كارە تەنیا لە بەرپرسیارێتی حكومەت و بانكی ناوەندیدایە و ئەوەشی دەوترێت، تەنیا لە چوارچێوەی قسەو پێشنیاردایە.