سەردێر

دەست بەجێبەجێكردنی پرۆژەی هێڵی ئاسنین دەكرێت

خەڵك-ئارام سەردار

وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی هەرێم واژۆی لەسەر بانگهێشتی سێ كۆمپانیای بیانی كرد كە بواری هێڵی ئاسنینی كاردەكەن.

دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی هەرێمی كوردستان لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بانگێشتی كۆمپانیا جیهانییەكانی بواری هێڵی ئاسنینمان كرد بۆ جێبەجێكردنی ئەو ماستەرپلانەی هێڵی ئاسنین لە كوردستان كە پێش چەند ساڵێك دانراوە، ئەم پڕۆژەیەش كارئاسانی پێشكەوتن و بازرگانی و گەشەكردنی كشتوكاڵ و گشتیاری لێ دەكەوێتەوە.

دەشڵێت، بوودجەی پێویست بۆ سەرەتای پڕۆژەكە تەرخانكراوە سەرۆكی حكومەتی هەرێم پشتیوانە تاوەكو لەم قۆناغەدا بەشێك لە پڕۆژەكە بكەوێتە جێبەجێكردن، كۆمپانیاكانیش ژاپۆنی، ئیسپانی و ئەڵمانین و پێشتر پڕۆژەكانیان بۆ ئەو بوارە خستووەتەڕوو.

ئەوەشی خستەڕوو، پڕۆژەكە سێ قۆناغی سەرەكی و شەش ئاست لەخۆدەگرێت بەسێ قۆناغیش دەبێت قۆناغی یەكەم بە درێژایی ٦٢٠ كیلۆمەتر و لە قۆناغی دووەم ١٣٥ كیلۆمەتر و لە قۆناغی سێیەمیش ١٦٠ كیلۆمەتر دەبێت، وەك وەزارەتیش هەموو هەوڵێك دەدەین تاوەكو هەرێمی كوردستان بەرەو قۆناغەكانی گەشەكردن هەنگاو بنێت لە چەند ساڵی داهاتوودا پڕۆژەی هێڵی ئاسنین بەچاوی خۆمان ببینین، پێشبینیش دەكرێت تێچووی پڕۆژەكەش زیاتر لە یەك ملیار دۆلار خەرجییەكەی بێت .