سەردێر

” سامانە سروشتییەكان هۆكاری دواكەوتنی بودجەیە”

كارەكانی پرۆژەی بودجەی هەرێم بە خاوی دەڕوات

خەڵك
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی كوردستان دەڵێت، ئەگەر یاسای بودجە بابەتی و زانستی و پیشەییانە بێت و هەموو داهات و خەرجییەكانی هەرێمی تیادا دەر بكەوێت بەشێكی گەورەی كێشەكانی هەرێم چارەسەر دەبێت و بە پێچەوانەوە ناتوانێت كێشەكان چارەسەر بكات.

عومەر گوڵپی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك) ی ڕاگەیاند، هەموو كێشە داراییەكانی هەرێمی كوردستان پەیوەستە بە نەوتەوە كە پرۆسەیەكی نا شەفاف و ئاڵۆزە گەڵاڵە نەكردنی یاسای بودجە و نەناردنی بۆ پەڕلەمان بەشێكی گەورەی بەهۆی ئەوەوەیە كە تا ئێستا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان داتا و زانیارییەكانی خۆی نەداوەتە وەزارەتی دارایی.

دەشڵێت، هەموو وڵاتێك بەرنامەو پلانە ستراتیجە داراییەكانی لەسەر بنەمای یاسای بودجە دادەنێت، مووچە خۆرێك لەسەر بنەمای بودجە دەزانێت مووچەكەی چەندەو كەی دەگات بەدەستی،
وەزارەتی شارەوانی دڵنیا دەبێتەوە لەوەی بودجەكەی چەندەو بۆ چ بوارێك خەرجی دەكات كەرتی تایبەت دەزانێت هاوكاری دەكرێت یان نا گەنجە بێكارەكان تێدەگەن لەوەی هەلی كار دەڕەخسێندرێت یان نا.

وتیشی: سەرجەم بوارەكانی ژیان لە هەر وڵاتێكدا ڕاستەوخۆ كاریگەری یاسای بودجەیان لەسەرە، چونكە یاسای بودجە پلان و بەرنامەی دارایی و ئابوری و كۆمەڵایەتی سیاسی ئیداری هەر حكومەتێكە لە ڕوانگەی یاسای بودجەوە دەزانرێت سیاسەتی حكومەت بۆ ژیانی خەڵك چییە لەسەرجەم بوارەكان.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، ئەوە نزیكەی 6 ساڵە مووچەی هەژارەكان بڕدراوە حكومەت بەم جۆرە بەردەوام دەبێت؟ دەكرێت ئەو بودجە زەبەلاحە بۆ هەموو بوارەكان خەرج بكرێت تەنها هەژارەكان هیچ پشكێكیان تیایدا نەبێت؟ لە رێگەی بودجەوە دەزانرێت حكومەت پشتگیری كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەكەت دەكات یان نا.

وتیشی، دواكەوتنی بودجە دەبێتە هۆی نا شەفافیەت و زیاد بوونی گەندەڵی و دەبێتە هۆی ئەوەی پەرلەمان نەتوانێت بە ئەركی خۆی هەستێت ، ئەگەر یاسای بودجە بابەتی و زانستی و پیشەییانە بێت و هەموو داهات و خەرجییەكانی هەرێمی تیادا دەر بكەوێت بەشێكی گەورەی كێشەكانی هەرێم چارەسەر دەبێت و بە پێچەوانەوە ناتوانێت كێشەكان چارەسەر بكات.