سەردێر

داهاتی مانگێكی نەوتی عیراق 5 ملیار دۆلاری تێپەڕاند

خەڵك-
وەزارەتی نەوتی عیراق بڕی نەوتی هەناردەكراو و داهاتەكەی لە مانگی ڕابردوو ئاشكرا دەكات و ئاماژە بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش دەكات بەراورد بە مانگی ڕابردوو.

بەپێی بەیاننامەیەك كە ئەمڕۆ دوو شەممە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عیراقەوە بڵاوكرایەوە”، بەپێی داتاكانی هەناردەی نەوت، كە لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆوە پێیان دراوە، لە مانگی شوباتی ڕابردوو بڕی 82 ملیۆن و 877 هەزار و 758 بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەكانی جیهان كراوە”.

هەر لە بەیاننامەكەی وەزارەتی نەوتدا هاتووە”كۆی داهاتی بەدەستهاتوو دەكاتە 5 ملیار و 26 هەزار و 807 دۆلار”، ئەمەش بەراورد بە مانگی پێشوو ڕووی لە زیادبوون كردووە.

وەزارەتی نەوتی عیراق دەڵێت”بەبۆنەی بەرزبوونەوەی بەهای نەوت لە بازاڕی جیهانیدا هەر بەرمیلێك نەوت بە بڕی 60 دۆلار و33 سەنت فرۆشراوە”، ئەمەش براورد بە مانگی ڕابردوو كە نرخی بەرمیلێك كەمتر بوو لەم نرخەی ئێستا، بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە.