سەردێر

ڕێبەری یاسایی وەبەرهێنەر ناساندنی بۆكرا

ئەمڕۆ شەممە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢١ لە ڕێوڕەسمێكدا ڕێبەری یاسایی وەبەرهێنەر ناساندنی بۆكرا كە یەكێتی وەبەرهێنەران سپۆنسەری ئامادەكردنەكەی گرتووەتە ئەستۆ.

هاوكات، سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەران ڕایدەگەیەنێت، دەبوایە زۆر پێشتر ڕێبەرێكی ئاوا لەبەردەمی وەبەرهێنەران بوایە بەتایبەت وەبەرهێنەری بیانی، جەختیش دەكاتەوە ئەگەر هەڵسەنگاندن بكرێت بۆ وەبەرهێنەر قەبارەی وەبەرهێنان لە ٦٠ ملیار دۆلار بۆ ١٠٠ ملیار دۆلار بەرز دەبێتەوە و هەلی كار زۆرباش دەبێت.

یاسین مەحمود، سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەران بە (تۆڕی میدیایی خەڵك)ی ڕاگەیاند، ڕێبەری یاسایی وەبەرهێنەر كە لەلایەن سێ پارێزەر ئامادەكراوە زۆر گرنگە بۆ داهاتوومان، دەبوایە زۆر پێشتر ڕێبەرێكی ئاوا لەبەردەمی وەبەرهێنەران بوایە بەتایبەت وەبەرهێنەری بیانی، بۆیە وەكو یەكێتی وەبەرهێنەران سپۆنسەری كتێبەكەمان كردووە دەزانین چەند گرنگە، هیودارین لەداهاتوو ڕێبەری یاسایی وەبەرهێنان دەربچێت، چونكە وەبەرهێنەر و وەبەرهێنان گرنگن بەیەكەوە.

دەشڵێت، لە هەرێمی كوردستان كێشەمان ئەوەیە تەنها هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنان دەكرێت، هیچ هەڵسەنگاندنێك بۆ وەبەرهێنەر ناكرێت، لەكاتێكدا لەوڵاتان فۆڕمی وەبەرهێنەر لەپێشترە لە پڕۆژە كە توانای ئابووری چییە و كام بانك و كۆمپانیای بیمە پشتیوانی لێ دەكات، بۆیە ڕێبەرەكە پشتیوان دەبێت لەداهاتوو بۆ ڕزگاربوون لەهەندێ وەبەرهێنەری خراپ و ئەوانەی پڕۆژەی خراپ دروست دەكەن و دەبنە بەڵا بەسەر حكومەت و هاووڵاتی، لەڕابردووش هەندێ وەبەرهێنەر بەهۆی جێهێشتنی پڕۆژە و خواردنی پارەی خەڵك كێشەی گەورەیان جێهێشتووە، وەبەهێنەر هەیە لەكابینەی شەش تائێستا كێشەكەی چارەسەر نەكراوە.

یاسین مەحمود ئەوەشی خستەڕوو، لەكارنامەی حكومەتیش دەركەوتووە كە دەیەوێت پشت بەوەبەرهێنان ببەستێت و ماوەی حەوت ساڵیشە بەهۆی قەیرانەكانەوە هەرێمی كوردستان پاشەكشەی گەورەی هەبووە لەوەبەرهێنان، هەزاران دەرچووی پەیمانگا و زانكۆ شوێن نییە كاری تێدابكەن، هەرچەند گرنگی بەوەبەرهێنان بدرێت كەمە، پێویستە پەرتوكەكەش گشتاندنی پێ بكرێت بۆ هەموو وەزارەتەكان بەفۆڕمێكی واقعی پڕۆژە بدرێت بەوەبەرهێنەر و لەبەڵای وەبەرهێنەری خراپ بەدووربین، تاوەكو هەرێمی كوردستان پشت بەژێرخانی ئابووری وسەرچاوە مرۆیی و سرووشتیەكان ببەستێت، چونكە وڵاتەكەمان دەتوانێت لە هەموو سێكتەرەكەی وەبەرهێنەری كاری تێدا بكرێت.

سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەران باسی لەوەشكرد، ئەگەر هەڵسەنگاندن بكرێت بۆ وەبەرهێنەر قەبارەی وەبەرهێنان لە ٦٠ ملیار دۆلار بۆ ١٠٠ ملیار دۆلار بەرز دەبێتەوە و هەلی كار زۆرباش دەبێت، بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ و عیراقیش كێشەیان هەیە نابێت هەلی وەبەرهێنان لەدەست بدەین.

ڕێبەری یاسای وەبەرهێنەر لەلایەن پارێزەران د.محەمەد سدیق، د.هاوڕێ كەمال و د. لوقمان حەسەن بە زمانەكانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی ئامادەكراوە.

خەڵك – ئارام سەردار



هەلبژاردە

گرنگترینەکان