سەردێر

پلەبەندی مووچەی فەرمانبەران دەگۆڕدرێت

خەڵك-
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق هۆكاری دواكەوتنی پلەبەندی نوێی مووچەی فەرمانبەران ئاشكرا دەكات و دەشڵێت: “بەم زووانە كۆبوونەوەی پەڕلەمان لەوبارەیەوە دەكرێت و بەهۆی ئەو پلەبەندییە نوێیەوە دەستكاری مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەران دەكرێت”.

نەدا شاكر جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق بۆ (بغدادد الیوم) ڕایگەیاندووە، “یەكخستنی پلەبەندی مووچەی فەرمانبەران لە سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكانی حكومەت گرنگییەكی گەورەی هەیە و دەبێتە هۆی كۆتایی هێنان بەو ئاڵۆزییانەی لە خشتەی مووچەدا هەبوون”.

ڕوونیشی كردۆتەوە، لە پلەبەندی نوێدا پشت دەبەسترێت بە بڕوانامە و ساڵانی خزمەتی فەرمانبەر بەجۆرێك دادپەروەری لە مووچە دەهێنرێتەدی و هیچ توێژێك بەدەرناكرێت و بۆ هەموو وەزارەتەكان بە یەك جۆر دەبێت.

ئەو پەڕلەمانتارە دەشڵێت: “هەموو هەوڵەكانی پەڕلەمان لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بەشێوەی بنەڕەتی بۆ یاسای بودجە تەرخان كرابوو، كە یاسایەكی ژیاری و گرنگە بۆ وڵات، كە چەندین ئاڵنگاری و ئاڵۆزی تێدایە و ئەوەش بووە هۆی دواخستنی یەكلایی كردنەوەی پلەبەرندی نوێی مووچە، هەر بۆیە لەگەڵ كۆتایی هاتنی بودجە و دەنگدان لەسەری دەستدەكرێتەوە بە گرنگی دان بە یاسا و دۆسیەكانی دیكە و لەنێویشیاندا پلەبەندی مووچە”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، جدییەت لەلای پەڕلەمانتاران هەیە بۆ یەكلایی كردنەوەی پلەبەندی نوێی مووچە و لە ناو كارنامەی حكومەتیشدا هاتووە و ئەو كاتەش دۆسیەی جیاوازی لە مووچەی نێوان فەرمانبەران چارەسەر دەبێت.

جەختیشی كردۆتەوە، پێویستە لەسەر حكومەت بەزووترین كات پلەبەندی نوێی مووچە بخاتە بەردەم پەڕلەەمان بۆ گفتوگۆ و دەنگدان لەسەری.