سەردێر

نرخی نەوتی عیراقی بەرزترین ئاستی تۆماركرد

خەڵك-
ئەمڕۆر پێنج شەممە، نرخی بەرمیلێك نەوتی عیراقی بەرزترین ئاستی لەماوەی زیاتر لە ساڵێكدا تۆماركرد.

بەپێی ڕۆژنامەی (الصباح)ی نیمچە فەرمی”نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی سوكی بەسرە گەیشتە 67 دۆلار، نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی قورسی بەسرەش بۆ 64.4 دۆلار بەرزبۆوە لە مامەڵەكانی بازاڕی نەوت”.

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا دەستكەوتی گەورەی تۆماركرد بەراورد بە 13 مانگی ڕابردوودا، بەجۆرێك كە بەرمیلێك نەوتی برێنت لە 68 دۆلار نزیكبۆوە و نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی خۆرئاوای تكساسيش گەیشتە نزیكەی 64 دۆلار.

بەرزبۆوونەوەی نرخی نەوت پەیوەندی بە دابەزینی ئاستی بەرهەمی نەوتی خاوی ئەمریكاییەوە هەیە كە هۆكارەكەی بۆ ئەو باران و لافاوە دەگەڕێتەوە كە ویلایەتی تكساسی گرۆتەوە، وێڕای تەئكیدكردنەوەی بانكی ناوەندی ئەمریكایی لەسەر نزمی نرخی سودەكان لە وڵاتەكە.