سەردێر

پڕۆژە یاسایەك ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران كرا

خەڵك-
وەزارەتی نەوتی عێراق، دوایین كۆپی پرۆژەیاسای نەوت و گازی فیدراڵی رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران كرد، بە مەبەستی پەسندكردن و رەوانەكردنی بۆ پەرلەمان.

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی دەستەی رای وەزارەتی نەوت، كە رۆژی چوارشەممە 24ی شوبات بەرێوەچوو، گفتوگۆ و پێداچوونەوە بە دوایین كۆپی پرۆژەیاسای نەوت و گازی فیدراڵی كرا و رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە.

ئەو وەزیرە ئەوەشی وتووە، وەزارەتی نەوت سوورە لەسەر پەسندكردنی ئەو یاسایە، كە دەبێتە هۆی گەشەپێدانی پیشەسازیی نەوت و گاز و وەبەرهێنان لە سامانی نیشتمانی عێراق و پشتیوانیكردن لە ئابووریی نیشتیمانی.

ئەوەش هاتووە، ئەنجوومەنی وەزیران پێداچوونەوە بە پرۆژە یاساكەدا دەكات و دواتر رەوانەی پەرلەمانی دەكات بۆ ئەوەی پەسەندبكرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە چاودێرێك بە خەڵكی ڕاگەیاندبوو ئەمریكا پێشنیاری گرێبەستی گازی كردووە لەنێوان حكومەتی هەرێم و عێراق وەك جێگرەوەیەك بۆ ئەو گرێبەستەی لەبواری نەوت كردویانە و خاڵی ناكۆكیانە و هەرێمیش چەند جارێك داوای دەرچوونی پڕۆژە یاسای گازی كردووە وەك چارەسەرێك بۆ كێشەكانی نێوان هەردوولا.