سەردێر

پەرلەمان دەیەوێت نرخی دۆلار كەمبكاتەوە

خەڵك-
ئەندامێكی لیژنەی ئابوری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عیراق، ئاماژە بە بوونی ئاراستەیەك دەكات لە پەرلەمان، لەپێناو كەمكردنەوەی نرخی دۆلار بۆ 1300 دینار بۆ دۆلارێك لە بودجەی 2021.


مازن فەیلی، ئەندامی لیژنەی ئابوری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عیراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”واژۆی 113 پەرلەمانتار كۆكراوەتەوە بۆ كەمكردنەوەی نرخی دۆلار بۆ 130 هەزار دینار لە بودجەدا”.

بە وتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابوری و وەبەرهێنان”هۆكاری بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار، دابەزینی نرخی نەوت بوو، بەڵام ئێستا نرخی نەوت لە جیهاندا بەرزبۆتەوە و داهاتی خەزێنە زیادی كردووە، بۆیە دەتوانیين نرخی بەرمیلێك نەوت لەو بودجەدا بۆ 50 دۆلار یان زیاتر بەرزبكەینەوە، لەوڕێگەیەشەوە دەكرێت دەستبەرداریی بڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار ببین”.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بڵاوكرایەوە”ئەمڕۆ چوار شەممە، عەلی عەبدولئەمیر عەللاوی، وەزيرى دارايی سەرۆكایەتی كۆبوونەوەیەكی فراوانی كردووە بۆ تاوتوێكردنی ئەو ئامانجانەی، كە لەڕێی گۆڕینی نرخی دۆلارەوە، هاتوونەتەدی”.