سەردێر

وتەبێژی حكومەتی هەرێم باسی ڕێككەوتن لەگەڵ عیراق و لێبڕینی مووچە دەكات

خەڵك-
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان “گەشبینی بەڕێككەوتن لەگەڵ عیراق” ڕادەگەیەنێت و جەختیشدەكاتەوە، هەر كاتێك پێویست بكات شاندی هەرێم دەچێتەوە بەغدا و دەشڵێت: “هەموو هەوڵێكی حكومەت دابین كردنی مووچەیە بەتەواوی”.

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەركارتێك پێویست بكات‌ شاندی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان دەگەڕێنەوە بەغدا بۆ بەردەوامی دان بە گفتوگۆكان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە و شایستە داراییەكانی هەرێم.

ڕاشیگەیاند، لەكۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا باس لە پڕۆژە بودجەكانی فیدڕاڵ و هەرێم بۆ ساڵی 2021 كراوە و حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە پابەندبونەكانی خۆی جێبەجێ بكات، كە لەبودجەی فیدڕاڵیدا بۆی دیاریكراوە بەو مەرجەی گەرەنتی مافەكانی خەڵكی كوردستان بكرێت.

وتیشی، “گفتوگۆكانی شاندی دانوستانكاری هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ بەردەوامن و ئومێدیان هەیە هەردولا بگەنە ڕێككەوتن”.

سەبارەت بە لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران لەكاتێكدا نرخی نەوت بەرزبۆتەوە وتی، “هەموو هەوڵ و ئەولەویەتی حكومەت دابین كردنی مووچەیە بەتەواوی، بەڵام وردەكارییەكان لای وەزارەتی داراییە، كە بەپێی داهاتی بەردەست مووچە دابەش دەكات و ئەو شایستانەی لەسەر هەرێمە دەربارەی پڕۆسەی ناردنی نەوت دەبێت لە داهاتی نەوت دەری بكات”.

جەختیشی كردەوە، وەكو حكومەت پێیان خۆشە مووچە بە ڕێژەی ١٠٠% دابین بكەن، بەڵام لە ئێستادا هەندێك وردەكاری هەن، كە بەهۆیەوە ناتوانن ئەو كارە بكەن.