سەردێر

خۆپیشاندان بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار دەستی پێكرد

خەڵك-
بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار لەلایەن حكومەت و پەڕلەمانی عیراقەوە فشارەكانی هاووڵاتیان دەستی پێكرد و خۆپیشاندەران داوای دەستلەكاركێشانەوەی پارێزگاری بانكی ناوەندی دەكەن.

بەپێی هەواڵی میدیا عیراقییەكان، بڕیارە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 بخرێتە بەردەم پەڕلەمان بۆ پەسەند كردنی، كە تێیدا بەهای یەك دۆلار بە 1450 دینار دیاری كراوە.

لە ئێستاشدا لە بەغدا فشار و خۆپیشاندان بۆ دابەزاندنی دۆلار دەستی پێكردووە و داوای دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكی بانكی ناوەندی دەكرێت.

یادگار حەسەن لە كۆمپانیای سەعید بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، نرخی دۆلار بۆ ئەمڕۆ چوار شەممە 24-2-2021، بەپێی بازاڕی گۆڕینەوەی دراوی بیانی لە شاری سلێمانی 100 دۆلاری ئەمریكایی بە 145 هەزار 600 دینار مامەڵەی پێوە كراوە

بەپێی زانیارییەكان، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهای دۆلار لە بەغدا بۆ 145 هەزار و 250 دینار دابەزیوە و هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ فشارەكانی هاووڵاتیان، هەرچەندە هیچ بڕیارێكی فەرمی نیە تا ئێستا بۆ دابەزاندنی دۆلار.