خەڵك-
وەزیری پێشمەرگەی هەرێم لەگەڵ شاندێكی باڵای سەربازی ئەمریكا كۆدەبێتەوە و داوا دەكات، هاوكارییە داراییەكانیان بۆ مووچە سەرجەم هێزەكانی پێشمەرگە بگرێتەوە.
مانگانە ئەمریكا لەسەر بودجەی بەرگری خۆی بڕێك پارە وەك هاوكاری دەداتە هێزەكانی پێشمەرگە و تەنها بۆ مووچەی هەر 14 لیوا یەكگرتووەكەی وەزارەتی پێشمەرگەی خەرج دەكات و بەهۆیەوە لێبڕین لەسەر مووچەی لیواكان هەڵگیرا، بەڵام هێزەكانی 70 و 80ی پێشمەرگەی نەگرتۆتەوە.
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە ئەمڕۆ 23ی شوباتی 2021 لەمیانی كۆبونەوەیەكی باڵادا لەگەڵ كۆلۆنێل ڤۆرهیس، بەرپرسی نوسینگەی هەماهەنگی ئەمنی هاوبەشی ئەمریكا لە عێراق و كۆلۆنێل جولیات، بەرپرسی نوسینگەی هەماهەنگی لە هەرێمی كوردستان و شاندی باڵای راوێژكارانی سەربازی یاوەریان كۆبۆتەوە.
بەپێیی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی پێشمەرگە، “گفتوگۆ لەسەر مووچە و شایستە داراییەكانی هێزی پێشمەرگە كراوە و وەزیری پێشمەرگە داوای كردووە، مووچە و مافە داراییەكانی ئەمریكا سەرجەم هێزی پێشمەرگەی كوردستان بگرێتەوه، بەجۆرێك ڕەچاوی یەكسانی و دادپەروەری لە دابەشكردنی مووچەدا هەبێت بۆ تەواوی هێزەكان بەبێ جیاوازی “.
لای خۆشیەوە، جەنەڕاڵ ڤۆڕهیس، بەڵینیدا بەزوویی كار بەو داوایە بكەن و دوای دیراسەكردنی خۆیان، چارەسەر و دەرئەنجامەكەی به وەزارەتی پێشمەرگە دەگەیێننەوە.
ئاماژەشی بەوەكرد، لەخەمی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە تێدەگەن و به جددی كار بۆ باشكردنی سەرجەم هێزەكان دەكەن.
هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، “گفتوگۆی هەمەلایەنە و بەرهەمدار كرا لەسەر مووچە و باشكردنی ژیان و گوزەرانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان به گشتی، كە ئومێدبەخشە”.