سەردێر

مووچەی خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆ دەستكاری دەكرێت

خەڵك-
لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنی خۆجێییەكانی پەڕلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، كە وەزارەتی ناوخۆ پڕۆژە یاسایەكی بۆ خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆ ئامادەكردووە تاوەكو لەكاتی خانەنشینبوونیان مووچەیان بەو ڕێژە زۆرەی ئێستا كەم نەكات.

باڵامبۆ محەمەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژە یاسایەك بۆ خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆ ئامادەكردووە و بڕیارە بەم نزیكانە ئاڕاستەی پەڕلەمان بكرێت بۆ خوێندنەوە و پەسەند كردنی.

ئاماژەی بەوەشكرد، هێزەكانی ناوخۆ لەكاتێكدا خانەنشین دەبن مووچەكەیان بەڕێژەیەكی زۆر كەم دەكات، هەر بۆیە دەبینین زۆر بەكەمی كارمەندانی ناوخۆ خۆیان خانەنشین دەكەن، بۆیە وەزارەتی ناوخۆ ئەو پڕۆژە یاسایەی ئامادەكردووە تاوەكو جۆرێك لە دادپەروەری بهێنێتەدی لە مووچەكانیان و بەو ڕێژە زۆرە كەم نەكات دوای خانەنشین بوونیان.

ڕاشیگەیاند، لیژنەكەمان ئاگادار كراوەتەوە لە پڕۆژە یاساكە، بەڵام تا ئێستا دەقی پڕۆژە یاساكە نەگەیشتۆتە دەستمان، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا دەبێت حكومەت خۆی دیراسەی ڕێژەی مووچەی كردبێت و بیگونجێنێت لەگەڵ یاسای چاكسازی لە مووچە و خانەنشینی و دەرماڵەكان.

باڵامبۆ محەمەد وتیشی، “وەك لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش پشتیوانی پڕۆژەكەی وەزارەتی ناوخۆ دەكەین، تا هێزەكانی ناوخۆش بتوانن بە مووچەیەكی شایستە خۆیان خانەنشین بكەن”.