سەردێر

خەڵك؛ زانیاری لەسەر مووچە و پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان بڵاودەكاتەوە

خەڵك-
ماوەی نزكەی 6 ساڵە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان ڕاگیراوە و جێگری سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەڕلەمانی كوردستان دەڵێت: “حكومەت بەڵێنی داوە مانگانە مووچە بدات و داواشمان لە وەزارەتی پەروەردە كردووە ئەو مافە یاساییە بۆ مامۆستایان بگەڕێنێتەوە”.

لە سەرەتای ساڵی 2016ەوە بە بڕیاری حكومەتی هەرێم پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان ڕاگیراوە و تا ئێستا دەستی پێ نەكردۆتەوە، لەكاتێكدا بەپێی یاسای خزمەتی شارستانی، مافی یاسایی فەرمانبەرانە بە 4 بۆ 5 ساڵ جارێك پلە و ناونیشانی وەزیفییان بەرزبكرێتەوە.

موسلم عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، بەرپرسانی حكومەتی هەرێم بەڵێنی ئەوەیان داوە، كە 30 ڕۆژ جارێك دەست بە دابەشكردنی مووچە بكەن و ئەوەش هەنگاوێكی باشە تاوەكو مامۆستایان و فەرمانبەران مانگانە مووچە وەربگرن و پڕۆسەی خوێندن بەردەوام بێت.

ڕاشیگەیاند، هیوادارین پڕۆسەی خوێندن بەردەوام بێت و لە ئێستادا هیچ مەترسییەكی ئەو تۆ نییە و ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا كەمە و ئەگەر حكومەت مانگانە مووچە دابەش بكات مامۆستایان پەرچەكرداریان نابێت بۆ داخستنی هۆڵەكانی خوێندن.

جەختیشی كردەوە، لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری پەروەردە و بەرپرسان تەئكیدمان كردەوە لەسەر دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، چونكە ئەوە مافێكی یاساییە و ناكرێت بە هەر بیانوویەك ئەو مافە زەوت بكرێت.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) كە لە سەرچاوەیەكی داراییەوە دەستی كەوتووە، “لەگەڵ پەسەندكردنی بودجەی هەرێم پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانیش دەستپێدەكاتەوە و لە ئێستاشدا ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای بودجە لەلایەن وەزارەتی دارایی و پلاندانانەوە هەنگاوی زۆری بڕیوە و بەم نزیكانە دەدرێتە ئەنجوومەنی وەزیران”.