سەردێر

پێدانی كارەبا بە هاووڵاتیان كەمدەبێتەوە

خەڵك-
بەهۆی ڕوودانی كوژانەوەی گشتی لە كۆمپانیای داناغاز، بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێم كەم دەبێتەوە و بەوهۆیەوە پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبای نیشتمانی بەشێوەیەكی بەرچاو كەم دەبێتەوە.

وەزارەتی كارەبای هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كاتژمێر 12:20 خوولەكی ئەمڕۆ كوژانەوەی گشتی لە داناغاز ڕوویدا، كە بەهۆیەوە توانای بەرهەمهێنانی كارەبا لەهەرێمی كوردستان كەمبووەوە.

ڕاشیگەیاندووە، لەئێستادا تیمەكانی كۆمپانیای داناغاز بەسەرپەرشتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و بەهەماهەنگی لەگەڵ كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم لە وەزارەتی كارەبا سەرقاڵی ئاسایی كردنەوەی دۆخەكەن.

لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا بەهۆی ئەو ڕەشەبا بەهێزەی بەشێكی زۆری ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە، چەند تاوەر و لاینێكی كارەبا كەوتن و بەهۆیەوە پێدانی كارەبا لە چەندین شوێن وەستا، بەڵام دواتر بە هەوڵی كارمەندان و تیمەكانی كارەبا دۆخەكە ئاسایی كرایەوە.