سەردێر

هەزاران پارچە زەوی تاپۆ دەكرێن

 

خەڵک-ئارام سەردار

لەچوارچێوەی هەوڵەکان بۆ تاپۆکردنی زەوی بێ تاپۆ، سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر بڕیاریدا بە تاپۆکردنی زەوییەکانی ناوچەی کەڕک کە ٧ هەزار زەوین، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەشتی حەسارۆک تیمێکی تایبەت لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێم و وەزیری شارەوانی پێکهێنراون.

عەبدولواحید ئەحمەد سەرۆکی شارەوانی هەولێر لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پیشتر ١٢٦ هەزار پارچە زەوی دابەشکراوە، لەچوارچێوەی هەوڵەکان بۆ تاپۆکردنی زەوی بێ تاپۆ لەسەر ڕینماییەکانی سەرۆکی حکومەتی دەستمان بە کارکردن تێیدا کردووە و تائێستاش توانیومانە ٧٦ هەزار پارچە زەوی تاپۆبکەین.

دەشڵێت، ئەمڕۆ تاپۆکردنی ٧ هەزار و ١٦٣ پارچەیە لە  پیرزین کە بەکەڕک ناسراوە ڕادەگەیەنین هاوڵاتیان دەتوانن سەردانی تاپۆی یەک و دوو و عەنکاوە و دەشتی هەولێر بکەن بۆ ڕایيکردنی کارەکانیان، زەوییەکانی قەرەبووی گوندی کۆری و گەڕەکی پێشمەرگە و چەند پڕۆژەیەکی دیکەش کارەکانی تاپۆکردنیان لەتەواوبووندان کە پێنج هەزار زەوین.

ئەوەشی خستەڕوو، یاسای تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆییەکان چەند گرفتێکی تێدابووە، لەپەڕلەمان هەمواردەکرێتەوە و کاری لەسەر دەکەین، بەڵام هاوڵاتیانی خاوەن خانووی زێدەڕۆییەکان ئاگادارکراونەتەوە تا خۆیان تۆماربکەن، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەشتی حەسارۆک تیمێکی تایبەت لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێم و وەزیری شارەوانی پێکهێنراون تاوەکو چارەسەری بکەن.