سەردێر

عیراق بڕی 286 ملیار دینار بۆ هەرێم ڕەوانە دەكات

خەڵك-
جێگری دووەمی سەرۆكی پەڕلەمانی عیراق ئاشكرای دەكات، كە پەیوەندی بە وەزیری بازرگانی عیراقەوە كردووە و نیوەی پارەی جوتیاران ڕەوانەی هەرێم دەكرێت.

د.بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆككی پەڕلەمانی عیراق لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندووە، ھەفتەی داھاتوو نیوەی شایستە داراییەكانی جوتیاران، كە 286 ملیار دینارە خەرج دەكرێت.

ڕاشیگەیاندووە، ئەمڕۆ لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە عەلا جبوری، وەزیری بازرگانی عێراقەوە كردووە بەمەبەستی بە دواداچوون بۆ شایستە داراییەكانی جوتیارانی ھەرێمی كوردستان.

ئاشكراشی كردووە، “وەزیری بازرگانی عێراق ئاماژەی بەوەداوە، كە بەھۆی ئەو بارودۆخە داراییەی، كە وڵات تووشی بووە و بەھۆی زۆری بڕی پارەكەوە لە ئێستادا ناتوانرێت ھەموو پارەكە خەرج بكرێت، بۆیە بڕیار دراوە نیوەی پارەكە خەرج بكرێت، كە بڕی 286 ملیار دینارە”.