سەردێر

بودجەی عیراق بەبێ‌ كورد دەخرێتە دەنگدانەوە

خەڵك-
لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق ئاشكرای دەكات، كە كۆتایی ئەم هەفتەیە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو پڕۆژە یاسای بودجە دەخرێتە دەنگدانەوە و تا ئێستاش ڕێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ هەرێمی كوردستان نەكراوە.

سوهام عقێلی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق بۆ كەناڵی (دجلە) ڕایگەیاندووە، ڕۆژانی پێنج شەممە و شەممەی داهاتوو پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 دەخرێتە بەردەم پەڕلەمانتاران بۆ پەسەندكردنی.

ڕاشیگەیاندووە، پڕۆژە یاساكە لەئێستادا بەتەواوی ئامادەیە بۆ دەنگدان لەسەری و هۆكاری پەككەوتنی پەیوەستن بە پشكی هەرێمی كوردستانەوە.

وتوشیەتی، “كۆبوونەوە لەگەڵ كوتلە سیاسییەكان بەردەوامە بۆ چارەسەركردنی كێشەی پشكی هەرێمی كوردستان، بەڵام تا ئێستا كوتلەكان نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتنی كۆتایی”.

ئەو پەڕلەمانتارە ئاشكراشی كردووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەنییە تەواوی دۆسیەی نەوت ڕادەستی حكومەتی فیدڕاڵی بكات و ئەوەش بۆتەهۆی كێشە بۆ پەسەندكردنی بودجە و ڕێككەوتن لەگەڵ كورد”.

سوهام عقێلی جەختیشی كردۆتەوە، “پەڕلەمان پەنا دەباتە بەر دەنگدان بە زۆرینە ئەگەر ڕێككەوتن لەگەڵ كورد نەكرێت”.

بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە (خەڵك) پەیوەندی كرد بە چەند پەڕلەمانتارێكی كورد لە پەڕلەمانی عیراق، بەڵام پەیوەندییەكانیان بەردەست نەبوون.