سەردێر

فەتح: فراكسیۆنەكان لەسەر پەسەندكردنی بودجە ڕێكەوتوون

خەڵك-
پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی فەتح لە پەرلەمانی عیراق، ڕێكەوتنێكی فراكسیۆنە سیاسییەكان لەبارەی پەسەندكردنی بودجەی گشتی 2021 ئاشكرا دەكات و دەڵێت، وتوێژەكان لەبارەی بودجەوە گەیشتوونەتە قۆناغەكانی كۆتایی.

دەلال حەسەن، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لە لێدوانێكیدا بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند:”دەكرێت بڵێین وتوێژەكان لەبارەی بودجەوە گەیشتوونەتە كۆتایی، فراكسیۆنە سیاسییەكانیش لەنێو خۆیاندا لەوبارەیەوە ڕێكەوتوون”.

بە وتەی دەلال حەسەن:”لایەنە سیاسییە كۆكن لەسەر ئەوەی كە دەبێت تێپەڕاندنی بودجە بە ڕەزامەندی هەموو لایەك بێت و هیواخوازن لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا بگەینە شێوازیی كۆتایی و ڕێكەوتن لەسەر تێپەڕاندنی بودجەی گشتی 2021″.

سەبارەت بە پشكی هەرێمی كوردستانیش لە بودجەدا، ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی فەتح هیوای خواست لە وتوێژەكانی نێوان شاندی حكومەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەكان، ڕێكەوتنی كۆتایی بكرێت و بڕگەی تایبەت بە پشكی هەرێم لە بودجەدا تێبپەڕێنرێت.

وێڕای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە كۆتایی مانگی كانوونی یەكەمی ڕابردووەوە پرۆژە یاسای بودجەی 2021ی ڕەوانەی پەرلەمان كردووە، بەڵام تائێستا پرۆژە یاساكە بەهۆی بوونی چەند خاڵێكی ناكۆكەوە لەلایەن فراكسیۆنە سیاسییەكان ڕێكەوتنی لەسەر نەكراوە و بڕگەی تایبەت بە هەرێمی كوردستانیش یەكلایی نەكراوەتەوە.