سەردێر

راپۆرتی وردبینی فرۆشتنی نەوت خرایەڕوو

خەڵك-ئارام سەردار

ڕاپۆرتی (وردبونەوە لە وردبینییەكەی دیلۆیت) بۆ دواین ڕاپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیت بۆ سێ چارەكی ساڵی ۲۰۲۰ كە لەلایەن هەردوو ڕێكخراوی ڕوونبین و ڕێكخراوی ستۆپ ئامادەكراوە خرایەڕوو.

فریا كاڵی، ئامادەكاری ڕاپۆرتی ووردبینی لە فرۆشتنی نەوتی كوردستان لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەپێی ئەو وردبینەی كردویانە بۆ دواین ڕاپۆرتی وردبینیەكەی دیلۆیت تایبەت بەنەوتی هەرێم بۆیان دەركەوتووە ناهاوسەنگی فرۆشتنی نەوتی تێدایە، بەشێویەك بەپێی گرێبەستەكان نابێ لە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار زیاتر بێت، كەچی شایستەی كۆمپانیاكان زیاتر لە ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە.

دەشڵێت، جگە لە شایستەی كۆمپانیاكان نرخی گواستنەوەی نەوتەكەش بەرزە لەنێوان ئەو بەشەی بۆڕیەكەی كە لەناو كوردستان دەڕوات و ئەوبەشەی لەناو خاكی توركیا نەوتی كوردستان دەگوازێتەوە، واتە نرخی گواستنەوەی نەوت لەبۆڕیەكە لەناوخاكی توركیا بەراورد بەو بەشەی دەكەوێتە ناوهەرێم بەرزترە.

ئەوەشی خستەڕوو، بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتەكانی دیلۆیت هۆكارە بۆ دروستكردنی متمانەی نێوان حكومەت و هاوڵاتیان و شەفافییەتی زیاتر بۆ داهاتەكانی كوردستان، بەڵام پێویستە حكومەت پێداچوونەوە بەو ووردەكارییانە بكات كە دیلۆیت دەیخاتە ڕوو.