سەردێر

لەبارەی داواكردنی هەموو نەوتی هەرێم لەلایەن بەغدا ڕوونكردنەوە دەدرێت

خەڵك-
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، ڕونكردنەوە دەدات لەبارەی ئەوەی داوای تەواوی بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستان كرابێت لەلایەن بەغدا و دەڵێت، ئەوانە هەموو پێشنیارن و هیچ شتێك لەو ڕووەوە جێگیرنەكراوە.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكیدا بۆ (خەڵك) ڕاگەیاند:”پێشنیارێكی زۆر هەیە لەلایەن شیعەكانەوە دەخرێنەڕوو لەبارەی ئەوەی هەرێم چەند بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا ڕادەستی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) بكات، بەڵام ئەوانە تائێستا لە چوارچێوەی پێشنیاردا ماونەتەوە و نەبوونەتە دەقێكی جێگیر تا ڕێكەوتنییان لەسەر بكرێت”.

بە وتەی شیروان میرزا:”لایەنە سیاسییەكانی عیراق، داوای هەموو بەرهەمی نەوتی هەرێم و هەندێك جار داوای 450 هەزار بەرمیل نەوت دەكرێت لە ڕۆژێك یان زیاتر یان كەمتر، ئەمانە هەموو قسە و پێشنیارن، دەقێكی وایان ڕادەست نەكردووە، تابڵێین ئەمە كۆدەنگی لەسەرە، بۆیە چاوەڕوانیین تا بزانین لەم چەند ڕۆژەی داهاتوودا دەگەینە چ ئەنجامێك”.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق، لە كۆتایی قسەكانیدا، پێشبینی كرد لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای بودجە بدرێت و بابەتەكە یەكلایی بكرێتەوە و ڕێكەوتنیش لەسەر پشكی هەرێم لەو بودجەیەدا بكرێت.