سەردێر

لێپرسراوێك: گرانبوونی نرخی بەنزین بەو شێوەیە نییە كە باسی لێوەدەكرێت

بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە كە بازرگانانی ھاوردەكاری بەنزین مامەڵەكانیان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان نوێ دەكەنەوە.

ئاری كاكەشین بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند، ھۆگاری گرانبوونی نرخی بەنزین، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو بازرگانانەی بەنزین ھاوردە دەكەن بۆ ھەرێمی كوردستان لە ڕێگەی خاڵە سنوورییەكانەوە، مامەڵەكانیان نوێ دەكەنەوە كە ھەندێك گۆڕانكاری بەسەردا ھاتووە و ئێستا مامەڵەكانیان كردووە و ئەو كێشەیەی ھەیە، چارەسەر دەبێت و كێشەكە بەردەوام نابێت، چونكە كاتییە تا مامەڵەكان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان تەواو دەكەن.

باسی لەوەش كردوە، جگە لەوە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان ھەندێك ڕێكاری نوێی دەركردووە و بازرگانان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان ئەو ڕێكارانەش جێبەجێ دەكەن.

بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر ڕاشیگەیاندووە، گرانبوونی بەنزینیش بەو شێوەیە نییە كە لە میدیا باسی لێوە دەكرێت، كە گوایە نرخەكەی بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و دەگاتە 700 دینار بۆ ھەر لیترێك، بەڵكو 25 بۆ 50 دینار زیاتر بەرز نەبووەتەوە.

ئاری كاكەشین ئاماژەی بەوەشدا، لە خاڵە سنوورییەكان ھاوردەكردنی بەنزین بۆ ھەرێمی كوردستان ھیچ كێشەیەكی نییە و ئەوەی ھەیە تەنھا تەواوكردنی ئەو مامەڵەیە، كە لەوەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بازرگانان تەواوی دەكەن و كێشەكە چارەسەر دەبێت.

خەڵك – بەشی هەواڵ