سەردێر

پشكی هەرێم لە بودجەی عیراق یەكلایی دەكرێتەوە

خەڵك-
كۆتایی ئەم هەفتەیە پڕۆژە یاسای بودجە لە پەڕلەمانی عیراق دەخرێتە دەنگدانەوە و دواین داڕشتنەوە بۆ پشكی هەرێم كراوە و چاوەڕێی گەیشتنی شاندی هەرێم دەكرێت بۆ ڕێككەوتنی كۆتایی.

سەرچاوەیەك لە پەڕلەمانی عیراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، تەواوی پڕۆژە یاسای بودجەی عیراق، كە لەلایەن حكومەتەوە هاتووە دەستكاری كراوەتەوە و بڕی خەرجییەكان و كورتهێنان كەمكراوەتەوە و داهات زیادكراوە و بڕیارە لەم هەفتەیەدا بخرێتە ناو بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكانی پەڕلەمان بۆ دەنگدان لەسەری.

وتیشی، “لە ئێستادا چاوەڕێی گەیشتنی شاندی هەرێم دەكرێت بۆ بەغدا تاوەكو دواین ڕێككەوتن لەسەر پشكی هەرێم بخرێتە ناو پڕۆژە یاساكە و دەنگی لەسەر بدرێت”.

د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دتارایی ئابووری پەڕلەمانی عیراق ڕایگەیاندووە، ئەوەی تێبینی دەكرێت، نەرمی بە لایەنە شیعەكانەوە دیارە و هەڵوێستیان گۆڕاوە، چاوەڕوان دەكرێت هەولێر و بەغدا لەبارەی پرۆژە یاسای بودجە بگەنە رێككەوتن.

لای خۆشیەوە، هەیسەم جبوری، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، لیژنەی دارایی داڕشتنەوەی پڕۆژە یاساکەی تەواو کردووە و كورتهێنانی بودجەکە لە 77 ترلیۆن دینارەوە بۆ 26 ترلیۆن کەمکراوەتەوە.

ڕاشیگەیاند، پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 پێداویستی سەرجەم چین و توێژەكانی لەبەرچاو گرتووە و داهاتی سەرجەم پارێزگاكان و وەزارەتەكانی زیاد كردووە.

وتوشیەتی، “کێشەی پشکی هەرێم لە بودجەدا لە دوو ڕۆژی داهاتوودا بەتەواوەتی چارەسەر دەکرێت و لە ئێستادا چاوەڕێی دوایین ڕێككەوتنی كوتلە سیاسییەكانین لەسەر پشكی هەرێم”.

لەبارەی نرخی دۆلارەوە ئاماژەی بەوەكردووە، كە دەسەڵاتی گۆڕینی بەهای دۆلار لە دەسەڵاتی پەڕلەمان نییە، چونكە ئەوە سیاسەتی دارایی و ئابوورییە و لە دەسەڵاتی حكومەتە.