سەردێر

یەكەم سەیرانی دوای كۆرۆنا كارەساتی هاتووچۆی نایەوە

خەڵك-

دوای ساڵێك لە سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و تێپەڕینی بەهاری ساڵی ڕابردوو بە كەرەنتینە و قەدەغەی هاتووچۆ، كە بەهۆیەوە هاووڵاتیان نەیاتوانی بچن بۆ سەیران و گەشت، ئەم هەینییە بەهۆی كەمبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و لەباری كەشوهەوا هاووڵاتیان ڕوویان لە ناوچە گەشتوگوزاری و سەیرانگاكان كرد، بەڵام چەندین ڕووداوی هاتووچۆ ئەو خۆشییەی لە هاووڵاتیان تێكدا.

فازڵ حاجی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتووچۆی هەولێر بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، دوێنێ، كە ڕۆژی هەینی بوو چەند ڕووداوێكی هاتووچۆ لەسەر ڕێگای كەسنەزان- هەولێر ڕویاندا، كە سەرجەمیان بەهۆی تیژڕۆیی و سەرخۆشی و بێ ئارامی بوو لەكاتێ چوون و گەڕانەوە لە سەیران و گەشت.

وتیشی، “بەداخەوە ئەگەر چوونە سەیران و گەشتكردن بەوشێوەیە بێت و پابەبد نەبون بەیاساكان تاكە سیمای چوونە سەیران بێت، دەبێت چاوەڕوانی كارەساتی گەورەتر بكەین”.

ئاماژەی بەوەشكرد، كاتژمێر4ی ئەمشەو لەسەر ڕێگای سەرەكی هەلێر- كەسنەزان لەنزیك فلۆریا سیتی دۆجێكی تایبەت بەهۆی تیژرۆیی و نەهێشتنی ماوەی بێوەیی پێویست لەنێوان سوارڕۆكان لەكاتی ڕۆیشتن خۆی كێشا بەدواوەی گیتایەكی تایبەت و لەدواییش بەسەر دورگەی ناوەندی شەقام كەوت و چەند دارێكی جوانی شەقامەكەی شكاند ئینجا وەستا، كە بووە هۆی ئەوەی شۆفێرەكەش بەسەختی بریندار ببێت و زیانیش بەر هەردوو ئۆتۆمبێلەكە بكەوێت.

ئاشكراشی كرد، لەكاتی لێكۆڵینەوەش بۆ هۆكاری ڕووداوەكە، دەركەوت شۆفێری دۆج لێخورینی كردوە لەژێر كاریگەری ماددەی سەرخۆشكەر، كە ئەمەش وایكردبو بەرچاوی لێڵ ببێت و نەتوانێت دووری ئۆتۆمبێلەكەی پێشی بخوێنێتەوە بەتەواوی، بۆیە كاتێك ئۆتۆمبێلی پێشی خێرایی كەمكردبووەوە ئەو بێ برێككردن خۆی كێشابوو بەدواوەیدا.