سەردێر

بەهای دینار بەرز دەبێتەوە

خەڵك-

سەرۆكی ڕێكخراوی گەشەپێدانی ئابووری كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێشبینی بەرزبوونەوەی بەهای دینار دەكەین.

بەهۆی كورتهێنانی بودجەی عێراق لەلایەك و دابەزینی نرخی نەوت لەلایەكی ترەوە، بانكی ناوەندی عێراق بەهای دیناری عێراقی دابەزاند و بەهۆیەوە زیانێكی زۆر بە هاووڵاتیان كەوت و نرخی شمەك و كاڵا و خزمەتگوزارییەكان بەرز بووەتەوە.

حوسام بەرزنجی، سەرۆكی ڕێكخراوی گەشەپێدانی ئابووری كوردستان بە (خەڵك)ی ڕایگەیاند، دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی بۆ سێ هۆكار دەگەڕێتەوە، یەكێكیان كورتهێنانێكی زۆر هەبوون لە بودجەی عێراق، بەڵام بەشێكیان چارەسەر كران، دووەم بۆ ئەوەی كەلوپەلی هاوردە كەم ببێتەوە، هەروەها بۆ ئەوە بوو، كە بەرهەمی ناوخۆ زیاد بكرێت.

وتیشی، “بەهۆی ئەم سێ هۆكارەوە وتیان نرخی دینار دابەزێنین، باشترە، بەڵام ئێستا دۆخی جیهان و نرخی نەوت گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە”.

ئاشكراشیكرد، پێشبینی ئەوە دەكەین بەهای دینار بەرز ببێتەوە، چونكە داهاتی دەروازە سنوورییەكان زۆر بووە، هەروەها نرخی نەوت بەرزبۆتەوە، هەوڵیش دەدرێت سەرچاوەی دیكە پشتی پێببەسترێت جگە لە نەوت و هەوڵێكیش هەیە بۆ پێگەیاندنی بەرهەمی ناوخۆ، ئەمانە دەبنەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دینار، هەروەها گەندەڵییەكی زۆر هەبوو لە فرۆشتنی دۆلار بەرانبەر دینار ئەوەش چارەسەر كراوە.