سەردێر

لە سلێمانی بڕێكی زۆر خورمای خراپبوو دۆزرایەوە و قاتعێكی عەلوەكە داخرا

خەڵك-
بەهۆی فێڵكردن و گۆڕینی بەرواری بەرهەمهێنان، قائیمقامیەتی سلێمانی دەست بەسەر زیاتر لە پێنج تۆن خورمای بەسەرچوودا دەگرێت و قاتعی ژمارە (81) دادەخرێت.

بێوەی ئەحمەد، سەرۆكی لیژنەی چواری قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی فێڵكردن و گۆڕینی بەرواری بەرهەمهێنان، لە كۆگایەكی گەڕەكی كانی با نزیك نەخۆشخانەی شۆڕش، لیژنەكە دەستی بەسەر زیاتر لە پێنج تۆن خورمای بەسەرچوودا گرتوە.

وتیشی، “خاوەنی خورما‌كە بەنیازبووە ماوەی بەكارهێنانی دریژ بكاتەوە لە (15-2-2021) بەروارەكەی بیكات بە (1-12-2021) و دواتر لەبازاڕەكانی شاری سلێمانیدا بەسەر هاووڵاتیان ساغی بكاتەوه”.

ڕوونیشی كردەوە، لەهەمانكاتدا لیژنەی سێ قائیمقامیەتی سلێمانی له قاتعی ژمارە (81)ی عەلوەی سلێمانی، كە خاوەنی كۆگاكەیە، دەستیان بەسەر بڕێكی دیكە خورمادا گرتووە، كەبەهەمان شێوە دەستكاری بەروارەكەیان كردووە بۆ درێژكردنەوەی ماوەكەی.

ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، ‌بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی دەست بەسەر تەواوی خورماكەدا دەگیرێت و لەلایەن لیژنەی لەناوبردنەوە لەناوچەی دەرەوەی نیشتەجێبون لەناودەبرێت و كۆگاكە و قاتعی ژمارە (81)ـیش دادەخرێت و خاوەنەكەشی ڕوبەڕوی ڕێكاری یاسایی دەكرێتەوە.